لە هەولێر.... نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ تەختی بۆ تووشبووانی تالاسیمیا بنیات دەنرێت
لە هەولێر....
نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ تەختی بۆ تووشبووانی تالاسیمیا بنیات دەنرێت
بەبڕیاری پارێزگاری هەولێر، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و پێشکەوتوو بە توانای ١٠٠ تەختەی خەواندن بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە شاری هەولێر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، زەوی گونجاو بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە، و لە ئێستاشدا کارەکان بۆ ئامادەکردنی دیزاینی کۆتایی نەخۆشخانەکە بەردەوامن.
لەم چوارچێوەیەدا، پارێزگاری هەولێر تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییە دەکرێت، چ لە ڕووی دابینکردنی زەوی و چ لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەمەبەستی سووککردنی ئازاری نەخۆشانی تالاسیمیا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی پێیان.