هەولێر... مەراسیمی ناساندنی پەرتوکی ( بەردەکانی بناغەی هەولێر) بەرهەمی وێنەگر و فۆتۆگرافەری شاری هەولێر، نەبیل عەریف خدر
هەولێر...
مەراسیمی ناساندنی پەرتوکی ( بەردەکانی بناغەی هەولێر) بەرهەمی وێنەگر و فۆتۆگرافەری شاری هەولێر، نەبیل عەریف خدر
ئێوارەی ئەمڕۆ 2.11.2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی شاری هەولێر، مەراسیمی ناساندنی پەرتووکی وێنەگر و فۆتۆگرافەری ناسراوی شاری هەولێر، نەبیل عەریف خدر لە سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی سوڵتان مووزەفەڕەددین، لە پارکی مەنارەی هەولێر، بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە ڕۆشنبیرییە تایبەت بوو بە ناساندن و خستنەڕووی بەرهەمێکی وێنەیی و دۆکیۆمێنتاری، کە بە ڕێگەی وێنەکانەوە بەشێک لە مێژووی شاری هەولێر، گەڕەکە کۆنەکان، ژیانی کۆمەڵایەتی و یادگارییەکانی نەوەکانی پێشوو تۆمار كردووه.
لە بەشێکی ئەم بەرهەمەدا، ئاوڕ لە مێژووی فۆتۆگرافی و ستۆدیۆکانی کۆنی هەولێر دراوەتەوە؛ بە تایبەتی ستۆدیۆی «جیهان» کە لە ساڵی ١٩٥٥ لەلایەن عەریف خدر، باوکی نەبیل عەریف خدر، دامەزراوە و یەکێکە لە یادگارییە گرنگەکانی مێژووی وێنەگرتن لە شاری هەولێر.
لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، وێنە و یادگارییە کۆنەکان وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و دۆکیۆمێنتاری خرانەڕوو، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی یادەوەریی گشتی و گواستنەوەی مێژووی شار بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە.
شایانی باسە، ئەم جۆرە چالاکییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ پاراستنی ئەرشیفی وێنەیی و ناساندنی مێژووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی هەولێر، بە شێوەیەک کە یادگارییەکانی ڕابردوو بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێننەوە.