پارێزگای هەولێر... شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. فەرەست سۆفی کردەوە و شەشەمین خەڵاتی ساڵانەی دەستپاکی و دادپەروەری د. فرسەت سۆفی بەخشی
پارێزگای هەولێر...
شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. فەرەست سۆفی کردەوە و شەشەمین خەڵاتی ساڵانەی دەستپاکی و دادپەروەری د. فرسەت سۆفی بەخشی
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی 11ی 2026، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی، و سەربازی و یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ، هاوڵاتیان، هاوڕێیان و کەس و کاری خوالێخۆشبوو د. فەرەست سۆفی، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر، شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. فەرەست سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە کرایەوە.
لە هەمان مەراسیمدا، شەشەمین خەڵاتی ساڵانەی د. فەرەست سۆفی، کە وەک هێمایەک بۆ دەستپاکی و دادپەروەری دامەزراوە، بەخشرا بە هاوکار مستەفا عەبدوڵڵا، کارمەندی بەرگری شارستانی هەولێر؛ بەهۆی کردارێکی مرۆڤدۆستانە و بەرپرسانەی کە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا ئەنجامی داوە.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. فەرەست سۆفی، باسی کەسایەتیی نیشتمانی كۆمهڵایهتی و زانستی، مرۆڤدۆستی و تایبەتمەندییە بەرزی ئەخلاقییەکانی ئەو زاتە کرد، وەک کەسایەتییەکی دەستپاک،و خاکەڕا و سەرڕاست، ستایشی خزمەت و تێکۆشانی کرد.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە د. فەرەست سۆفی لە ژیانی خۆیدا هەمیشە دژی گەندەڵی و نادادپەروەری وەستاوەتەوە و بە دەستپاکی و دڵسۆزییەوە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمانەکەی کردووە، بۆیە وەک سیمبوولێکی دەستپاکی و دادپەروەری لە یاد و بیرەوەریی خەڵکدا دەمێنێتەوە.
ئومێد خۆشناو دووپاتیكردهوه، بەهۆی ئەو دەستپاکی و ڕاستگۆییەی د. فەرەست سۆفی هەیبوو، بڕیارمان دا خەڵاتی دەستپاکی بە ناوی ئەو دابنێین، بۆ ئەو کەسانەی بە کردار و ڕەفتاری خۆیان نموونەی دەستپاکی و بەرپرسیارێتییەکی بەرزن. ئەمساڵیش ئەم خەڵاتە بە کارمەندێکی بەرگری شارستانی دەبەخشین.
لە بەشی دیکەی مەراسیمەکەدا، هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بە هاوکار مستەفا عەبدوڵڵا ڕوونکرایەوە، كه لە کاتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەیەک لە یەکێک لە شوقەکانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی، ژنێک کە بە تەنها لە شوقەکەدا دەژیا، لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون، بەهۆی دووکەڵ و تەنگەنەفەسییەوە لە مەمەرەکە کەوتبووەوە و هۆشی لەدەست دابوو.
لەو کاتەدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ژنەکەیان ڕزگار کرد و گواستییانەوە بۆ نەخۆشخانە. هاوکار مستەفا عەبدوڵڵاش، دوای ئەنجامدانی ئەرکی مرۆڤدۆستانەی خۆی و ڕزگارکردنی ژنەکە، پارە و زێڕ و پاسپۆرتی ئەو ژنەی کە لە شوێنی ڕووداوەکەدا مابوونەوە، پاراست و بە تەواوی لە نەخۆشخانە ڕادەستی خاوەنەکەی کردەوە.
ئەم ڕەفتارە نموونەیەکی بەرزی دەستپاکی، مرۆڤایەتی، ئەمانەتداری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە؛ بەهایەک کە لە پێگەی پیشەیی و مرۆڤایەتیدا شایانی ڕێز و ستایش بوو.
لە چوارچێوەی هەمان مەراسیمدا، هیڤار فرسەت سۆفی لە وتەیەکدا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پارێزگای هەولێر و خودی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەربڕی، بەهۆی ئەوەی ساڵانە بە شانازییەوە یاد و بایەخی ئەم بۆنەیە دەهێننەوە و خەڵاتی دەستپاکی بە ناوی د. فرسەت سۆفی، پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کە بە شایستەیی لە پێناو دەستپاکی و دادپەروەریدا خزمەت دەکەن..
جێگەی باسە، ئامانج لە پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی د. فەرەست سۆفی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە، زیندوو ڕاگرتنی یادی ئەو کەسایەتییە نیشتمانییەیە کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی شوناسی نەتەوەیی، چاکسازی، دادپەروەری و دەستپاکی تەرخان کرد و بە کردار و ڕەفتاری خۆی بووە نموونەیەکی بەرزی ئەم بەهایانە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان بە دانانی تاجه گوڵ لەسەر گڵکۆی د. فەرەست سۆفی، ڕێزیان لە یادی ئەو کەسایەتییە خزمەتگوزار و نیشتمانییە گرت و یاد و بیرەوەرییەکانیان زیندوو ڕاگرت.