هەولێر… پەناگەیەکی تایبەت بە سەگە بێ‌لانەکان لە هەولێر کرایەوە

هەولێر…  پەناگەیەکی تایبەت بە سەگە بێ‌لانەکان لە هەولێر کرایەوە

هەولێر…

پەناگەیەکی تایبەت بە سەگە بێ‌لانەکان لە هەولێر کرایەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 26.11.2026 بە ئامادەبوونی مەلامستەفا بارزانی و دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندورستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سه‌نگه‌ر كانه‌بی به‌رپرسی لقی 23 ی قه‌ره‌چووغ، ڕێکخراوی «مانا» پەناگەیەکی تایبەتی بۆ سەگە بێ‌لانەکانی لە شاری هەولێر کردەوە.
لە مەراسیمەکەدا، کە سه‌رۆك شاره‌وانی و ژماره‌یه‌ك له‌ قائیمقام وبه‌رێوه‌به‌ری گشتی و بەرێوەبەرانی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان ئامادەبوون .
پەناگایەکە بودجەی پێویستی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابین کراوە، لەسەر ڕووبەرێکی ٥٠ هەزار مەتر دووجا دروست کراوە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٧ هەزار سەگی بێ‌لانەی بۆ گواستراوەتەوە. ئەم پڕۆژەیە وەک یەکەم پەناگەی تایبەت بە سەگە بێ‌لانەکان لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەستیارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی شارەکان. بوونی سەگە بێ‌لانەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا، لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی ڕوودانی ڕووداوی پەلاماردانی هاوڵاتیان و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و تەندروستی گشتی. بۆیە دروستکردنی ئەم پەناگەیە، تەنها گواستنەوەی سەگە بێ‌لانەکان لە شەقامەکانەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکی دامەزراوەییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی مرۆیی، زانستی و ڕێکخراو.
له‌ناو پەناگەکەدا، سەگەکان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پشکنین و نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت، چارەسەری پزیشکییان بۆ دابین دەکرێت و خۆراک و چاودێریی تەندروستییان پێشکەش دەکرێت؛ ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کۆنترۆڵکردنی ژمارەی سەگە بێ‌لانەکان و پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی هاوڵاتیان.
ئەم پڕۆژەیە لە هەمان کاتدا، نموونەیەکە لە گرنگیدان بە بەها مرۆییەکان، پاراستنی ئاژەڵان و بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە و کۆمەڵگا؛ چونکە شارێکی پێشکەوتوو تەنها بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ناسراو نابێت، بەڵکو بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ژیان و هەموو بوونەوەرەکانیش هەڵدەسەنگێندرێت.

کردنەوەی ئەم پەناگەیە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرامبەر مافی ئاژەڵان، بەهێزکردنی کەلتووری میهرەبانی و بەزەیی و پەرەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتی هاوڵاتیان بەرامبەر ژینگە و گیانلەبەرەکان.
هەروەها ئەم پڕۆژەیە نموونەیەکە لە گرنگیدان بە پێکهێنانی ژینگەیەکی شارستانی و مرۆڤانە، کە تێیدا پاراستنی ژیانی هەموو گیانلەبەرەکان بە بەشێک لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی دادەنرێت.