بڕی 350 ملیۆن دینار بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاده‌ستی پارێزگاری هه‌ولێر كرا

بڕی 350 ملیۆن دینار بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاده‌ستی پارێزگاری هه‌ولێر كرا

سەرلەبەیانى سێشەممە 2022.1.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندێکى یاوەرى کە پێکهاتبوو لە قائیمقامانى مێرگەسۆر، چۆمان، ڕەواندوز، سۆران کرد.
لەدیدارەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: "ماوەى چەند ڕۆژێکە لەڕیگەى ژمارە حسابێکى بانکییەوە کەمپینێکمان لە سۆران، ڕەواندز، مێرگەسۆر، چۆمان لەژێرناونیشانى ''ئازارەکانى ئێوە، ئازارى ئێمەیە'' ڕاگەیاند، ئەمڕۆش هاتووین ئەو هاوکاریی و کۆمەکانەى لەو کەمپینە کۆکراوەتەوە بگەێنین بە لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر کە بڕەکەى (350) ملیۆن دینارە".
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندى یاوەرى، دەستخۆشى لەو هەڵوێستە مرۆییەى ئەوان کرد و سوپاسى بەشدارى هاوڵاتیانى سۆران، ڕەواندز، مێرگەسۆر، چۆمانى کرد بۆ هاریکارى و یارمەتیدانى زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى هەولێر و ڕایگەیاند: "ئەم هەڵوێستە نیشتیمانییەتان بۆ ئێمە گرنگیی خۆی هەیە و پەیامێکى گەورە و لەبیرنەکراوە و مایەى شانازییە".