سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگاتە هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبێتەوە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت، پاشان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆش، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بڕیارە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر ساز بکات.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمجارە سەردانی عێراق دەکات لەوەتەی دەستبەکاربوونی لە ماوەی لە شەش ساڵی رابردوودا، دوایین هەڵوێستیشی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی ساڵی رابردوو بوو، کاتێکدا پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ چارەسەری کێشەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاوی پاک بوو لە عێراق، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش چالاکە بۆ گوشار و داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، چاکسازیی ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی و پرس و کێشەی دیکە کە بەرۆکی عێراقیان گرتووە.
گۆتێرێس لەلێدوانێکی رۆژنامەنووسی رایگەیاند، ئەو دوو حکومەتە خۆیان پێویستە کۆببنەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر ناسەپێنێت، بەڵام "نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەیە بۆ پاڵپشتیی عێراقییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان."
لە 2023 دا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا دوو سەردانی بۆ دەرەوە هەبووە، یەکێکیان بۆ داڤۆس و ئەوی دیکە بۆ کابۆ ڤێردی، سێیەم سەردانی لە ئەمساڵدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە. لە ماوەی دەستبەکاربوونیشیدا سەردانی زیاتر لە 60 وڵاتی کردووە لەگەڵ چەندین هەرێم و ناوچەی دیکە.
گۆتێرێس لەبارەی عێراق لەکاتی سەردانیکردنی مۆزەخانەیەک ئاماژەی بەوەکرد، "مەحاڵە بێیتە ئێرە و هەست بەوە نەکەیت کە ئێرە شوێنی لەدایکبوونی شارستانییەتە... رۆڵی عێراق لە شارستانییەت و کولتووری جیهانیدا زۆر ناوازەیە، منیش لێرەم بۆ رێزگرتن لە هەموو ئەوانەی لەم مۆزەخانەیەدا کاردەکەن و لەو کاتە سەختەکاندا پاراستوویانە کە عێراق دووچاری بووەتەوە. بەوەش رێگەمان پێدەدەن کولتوور و مێژووی ئەم وڵاتە ناوازەیە ببینین.