پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.1.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە محەمەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێکەدا، کە سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى ئامادەى بوون، کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆى ڕاگەیاندن بۆ قوربانیانى ئەو کارەساتەی کە شەوى 15ى ئەم مانگە لە ئەنجامى هێرش و پەلامارى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەخت شەهید بوون، ئاماژەى بەوەشدا کە لە ناخەوە بەشدارى خەمى کەس و کارى قوربانیانین و هیواى زووچاکبوونەوەى بۆ برینداران خواست، هەروەها ئامادەیى وڵاتەکەى نیشاندا بۆ چارەسەرکردنى بریندارانى ڕووداوەکە و ئومێدیشى خواست ئەمە دواین ناخۆشى و کارەسات بێت.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، سوپاسى هەڵوێستى کونسوڵ و کونسڵخانەى گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر کرد و ڕایگەیاند: "ئەو کارەساتەى ڕوویدا بەزاندنى سەروەرى وڵات و دراوسێیەتى و پێشلکردنى مافى مرۆڤە، ئەو شوێنەى بۆردومانکراوە هاوڵاتیانى سڤیلى کردۆتە ئامانج، هەموو ئەو بڕو و بیانویانەى ئێرانیش لەبارەى هێرش و پەلامارەکەیان دوورن لە ڕاستى و هیچ پاساوێکیان بۆ هێرشە ناڕەواکانیان نییە، ئەوەى ڕوویدا تاوان و زوڵم و تەعدایەکی ئاشکرایە بەرامبەر بە شارەکەمان و هەرێمى کوردستان".

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، وێڕاى جەختکردنەوە لە پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا، کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر كه‌ به‌شێكى گرنگە له‌ مێژووی شارى هەولێر، ئامادەیی کونسڵخانە و ڕێکخراوى تیکاى وڵاتەکەشى نیشاندا بۆ هەموو هاوکارى و پاڵپشتییەک لە پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەکەدا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر دەستپێشخەریەکەى بەڕێزیانی بەرزنرخاند و جەختى لەوە کردەوە کە نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر بە زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی و چاندنی نه‌مام له‌ شوراى ده‌وری و دروستکردنی باخچەیەک لەناو گۆڕستانەکە دەستیپێکراوە کە به‌شێكی گرنگه‌ له‌ یادگه‌ی ئازیزانی دانیشتوانی ‌هه‌ولێر، هەروەها سوپاسى ڕێکخراوى تیکاى وڵاتى تورکیاى کرد بۆ هەموو ئەو کارانەى لە ماوەى ڕابردوودا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە، هیواى خواست ڕێکخراوى ناوبراو ڕۆڵى زیاتریان هەبێت و کارى زۆرتر و باشتر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارى و پاڵپشتی و هەماهەنگیەکى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا.

لەکۆتاییدا، کونسوڵی گشتی وڵاتى تورکیا لە هەولێر، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە بۆ سەرخستنى کارکردنیان لە هەولێرى پایتەخت پێشکەشیان کراوە.