پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازی لە د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر کرد

ئەمرۆ پێنجشەممە 2024.4.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە ئەکادیمیستی کورد د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین و خاوەنى بەرزترین خەڵاتی سەرۆککۆماری ئەڵمانیا کرد.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە د.کارزان خواڕەحم، راوێژکاری خوێندنی باڵا و پەوروەردەى ئەنجومەنى وەزیران و دلێر محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی گەشت و گوزارى هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر ڕۆڵ و توانا و لێهاتوویی "د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر"ى لە بواری خزمەتکردنى زیاتر لە نیو سەدە بە زمان و ئەدەبی کوردی و مێژووی گەلی کوردستان لە دەرەوەى وڵات بەرز نرخاند.

لەلایەن خۆیەوە، د. فه‌رياد فازیل، وێڕاى خۆشحاڵى بە پێشوازى و ‏ديدارى پارێزگارى هەولێر، جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامى خزمه‌تکردنى ئه‌كاديمى و بره‌ودان به‌ زمان و كولتوورى كوردى كرده‌وه‌، هەروەها دەستخۆشى لە پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزار کرد بۆ ئەنجامدانى هەڵمەتى نیشتیمانی گۆڕین و نووسینی تابلۆى شوێنه‌ گه‌شتیاریی و گشتييه‌كان و دامەزراوەکانی ترى کەرتی تایبەت بۆ زمانى کوردى، کە وەک یەکەمین پارێزگاى هەرێمى کوردستان لە سەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە کوردستان ئەو هەڵمەتە بە سەرکەوتووى دەستى پێکرا، ئەو هەنگاوەشى بە پێویست و گرنگ وەسفکرد.

لە کۆتایشدا، کتێبى "ئەلفبێ کوردى" مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار - د. فه‌رياد فازیل عومه‌ر بۆ پۆلى یەکەمى بنەڕەتى کە بەشێوە و شێواز و فۆرمێکى نوێوە لەلایەن ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین دووبارە چاپکراوەتەوە لەلایەن بەڕێزیانەوە پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرا.