لە هەولێر .. ساڵیادی شەهیدکردنی نووسەر و ڕوناکبیرى گەورەى کورد "عبدالخالق مەعرووف" بەرزڕاگیرا

لە هەولێر .. ساڵیادی شەهیدکردنی نووسەر و ڕوناکبیرى گەورەى کورد

لە هەولێر ..
ساڵیادی شەهیدکردنی نووسەر و ڕوناکبیرى گەورەى کورد "عبدالخالق مەعرووف" بەرزڕاگیرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.23، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بەرپرسى بەشى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پارتى و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2ی پارتی و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبى و حکومى و بنەماڵە و کەس و کارەکەى، لە هۆڵى بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنى پارتى، لە ڕێورەسمێکى شایستەدا، لەژێرناونیشانى "یادى کتێبێکى خوێناوى" 39 ساڵەی شەهیدکردنی نووسەر و ڕوناکبیرى گەورەى کورد "عبدالخالق مەعرووف" بەرز ڕاگیرا.

نووسەر و ڕوناکبیرى گەورەى کورد "عەبدولخالق مەعرووف" لە ساڵی 1935 لە شاری ھەولێر لەدایک بوو، دواى تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ئامادەیی، ساڵی 1958 بۆ درێژەدان بە خوێندن چۆتە زانکۆی ئەزھەر لە قاھیرە، ھەر لە تافی لاوێتیی خولیای خوێندنەوە بوو و لە ‌ناوچەکەی خۆیدا وەک خوێندەوارێکی ھاوچەرخ ناوی دەرکردبوو، ساڵی 1963 پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کرد و شارەزاییەکی زۆری لە بواری ئەلەکترۆنی هەبووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەر و سەرپەرشتیارانى "ئێزگەى دەنگی کوردستانى عێراق"، شەهید پێنج پەرتووکی نووسیوە؛ لەوانە: تەکنیکار کە ساڵی 1980 چاپ کراوە، ئادەمیزاد لە ‌کۆمەڵی کوردەواریدا، سەبارەت بە بابەتە زانستییەکانی فیزیا، نامیلکەیەک بە زمانی عەرەبی، و کتێبێکی تریشی دەربارەی ترانزستۆر بە دەستنووسی ماوەتەوە، بەداخەوە لە 10ی نیسانی ساڵی 1985 بە دەستی تیرۆریستان لە شاری ھەولێر شەهید کراوە.