قه‌زای سۆران

قه‌زای سۆران

قەزای سۆران لە سێ‌ ناحیە پێك هاتووە (دیانا، خەلیفان، سیدەكان)و 36 گەرەك و 346 گوند پێكدێت

دروستبوونی قەزای سۆران وەك یەكەی كارگێری دەگەڕێتەوە بۆ سالی 1980 و دوای راگواستنی گوندەكانی دەوروبەر لەلایەن رژێمی بەعس ناوچەكە ئاوەدان كرایەوە، رژێم بەمەبەستی مۆڵگەی سەربازی دژی كوردی بەكارهێنابوو، كە ئێستاش پاشماوەی سەربازی لێ‌ دەدۆزرێتەوە، ماوەی 10 ساڵی ئەو قەزایە تا دوای راپەرین تێپەری نەدەكرد لە (5000) كەس، بەڵام لەو 19 ساڵەی ئاوەدانی هەرێم و ئازادی راپەرینی 1991 ئێستا گەیشتۆتە 125هەزار كەسە، كە دەوڵەتی كوردی لەسەر ئەو مۆڵگە سەربازیەو پاشماوە تەقەمەنیە ژیانی لێ‌ دروست كردو بایەخی بە رووەك دا لە شوێنی تەقینەوەكان.

ناوی قه‌زای سۆران له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌:
ناوی سۆران لە دەوڵەتی میرنشینی سۆرانەوە هاتووە، كە لە ساڵەكانی 1830 میر محمد وەك دەولەتی كوردی حوكمی كردووەو پایتەختەكەشی لە رواندز بووە، ناوچەكە لە رووی مێژوویەوە ئەهمیەتی تایبەتی خۆی هەیەو ئەو نەتەوە پەرستیە ئێستاش بە دانیشتوانی ناوچەكەوە دیارە.

پێكهاتەی قەزای سۆران فرە كەلتورەو لەهەموو ناوچەكانی كوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و ئاوهەواو شوێنی ستراتیژی بازرگانی خەڵك رووی تێ‌ دەكەن و بە مەبەستی حەوانەوە لێی نیشتەجێ‌ دەبن، هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام لە فراوان بوون دایە. لەو قەزایەدا هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحیەتی لێیە، وەك برا بەشدارن لە پێشوەچوونی قەزای سۆران و ولاتدا، لەبەشی ئیسلامەكاندا مزگەوتی زۆر هەن و لە ناو مەسیحەكانیش كلێسایەكی گەورەی لێیە.

جوگرافی قه‌زای سۆران:-
شوێنی جوگرافی سۆران سەنتەری قەزا لە پانتایەكی رووتەختی و بانەكاندا پێهاتووە، دەكەوێتە باكوری رۆژهەلاتی هەولێری پایتەخت و تەنها 120 كلیۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە، هەروەها دەكەوێتە نێوان كێوە بەرزەكانی كۆڕەك لەرۆژهەڵات و گۆرەزو حەسەن بەگ لە باكورو برادۆست لە رۆژئاواو لە باشوریش كێوی هەندرێنە، رێگای گشتی هاملتۆن لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران كە لە سالانی 1928تا 1930 لەلایەن ئەندازیار هاملتۆن درێژكرایەوەو قەزای سۆران لەت دەكات،
قەزای سۆران دەكەوێتەوە دەشتێكەوە كەبە چیاكانی (زۆزك لەباكور 182م و كۆرەك لە باشور 2127م و هەندرێن لە رۆژهەڵات 2925م برادۆست لە رۆژئاوا 2076م دەورەدراوە.
هەروەها سێ رووبار لەناوچەی سۆراندا هەن كە ئەوانیش رووباری باڵەك، باڵەكیان و بێخاڵە. لەزستاندا سۆران ساردەو لە هاوینیشدا گەرمە، بەڵام لەهەردوو وەرزی پایزو بەهاردا ئاوهەوایەكی خۆشی هەیە. ئەو قەزایە خاوەن دیارترین سێ ناوچەی گەشتیارییە لە هەرێمی كوردستان ئەوانیش (جندیان، بێخاڵ و گەلی عەلی بەگە).
قەزای سۆران ئاووهەوایەكی شێدارو زستانان دابارانی باران و هاوینان گەرمی شێداری هەیە، واتە هەرچوار وەرزی ساڵ دەبینێت، ئاستی بارینی بەفر لەو ناوچەیە لە زستانان مام ناوەندیەو وەرزی بەهاریش باراناویەو سروشتیش سەوزە. رووبەری قەزای سۆران دوو روباری گەورەی پێدا رەت دەبێ‌ و دەڕژێنە زێی بچوك، رووباری شێخی كەلە ولاتی ئێران و كوێستانەكانی بالەكایەتی لە قەزای چۆمان هەڵدەقولێن و بە سنوری قەزای سۆراندا تێدەپەرێ‌ و دەرژێتە زێی بچوك، هەروەها رووباری برادۆست كەلە كوێستانەكانی برادۆست و خاكی توركیا هەڵدەقولێ‌، ئەویش بەهەمان شێوە لە سنوری شارەدێی سیدەكان و دیانان دەچێتەوە زێی بچوك، هەردوو رووبار لە دوا رۆژ سود بەخش دەبن بۆ بەنداوی بێخمە. رووبەری گشتی قەزای سۆران 809616 دۆنمە، كە 737544 دۆنم بە كەلكی داچاندن و كشتوكاڵی دێت، ئەوەی تریش نیشتەجێی و شاخاویە.

ئەو بەروبومە خۆرسكیانەی لەناوچەكە دەروێن و سودبەخشن (قەزوان، بەڕو، بڵالوك، كرۆسك، گێوژ، رێواس، كوارگ) هەروەها دار مازی بەرەكەی وەك بەروبوومەو چڵوەكەشی كەبە گەلایەكی دەگوترێ‌ بۆ ئاژەڵ سودی لێ‌ دەبینن، بەڵام ئەو رووەكەی كە زۆر بە شێوەی كشتوكالی بەرهەم دێت، بریتیە لە (دانەوێڵە بەتێكڕایی و دارگوێزو سپیندارو سێو هەرمێ‌ و هەلوچەو هەنارو هەنجیرو ترێ‌ و چەندین سەوزەی تریش). ئەو ئاژەڵانەی كە كێوین و لە ناوچە شاخاویەكاندا هەن (گورگ و ورچ و كەمتیارو كوڕەبەشەو سیخورو سمۆرەو مارو پشیلەی كێوی و سەگاوی ئاوی و ماسی و بزنی كێوی و بەراز)ی لێیە، بەڵام ئەو ئاژەلانەی بەخێو دەكرێن بریتین لە (مانگاو بزن و مەڕو سەگ و كەرو ئەسپ و ئێسترو پەلەور) بەگشتی لێیە.
گەشت گوزاری قەزای سۆران بەناوبانگە بە هەوارگەكانی (جوندیان و بێخاڵ) و تاڤگەی گەلی عەلی بەگ كەلەسەر دراوی عێراقی فیدرالیشدا كێشراوە بەناوبانگن، هەروەها هەوارگەكانی بناری (حەسەن بەگ و بێرمە ساردو بێرۆیان) و چەندین شوێنی تر ساڵانە بەهەزاران گەشتیار رووی تێ‌ دەكات، لە ناوەڕاستی عێراق و زۆر لە ولاتانی دراوسێش، ئەمەش زیاتر بەهۆی دڵرفێنی ئەو هاوینە هەوارانە.

سنورەكانی قەزای سۆران لە باكورەوە بەندە بە وڵاتی توركیاو قەزای مێرگەسۆر، لە رۆژهەلاتەوە هاوسنورە لەگەل قەزای چۆمان، لە باشوریشەوە لەگەل قەزای رواندز پشدەر بەندە، بەڵام لە خۆرئاواوە لەگەل قەزای شەقلاوە پێكەوە بەندن.
لە رووی كارگێریەوە قەزای سۆران هەرسێ‌ ناحیەی سیدەكان و دیانان و خەلیفانی هەیە، تێكڕای زیاتر لە 400 گوند لە خۆدەگرێت و 175000 كەسیش دابەش بوونە بەسەر ئەو گوندانەدا، سەنتەری قەزای سۆران 36 گەرەكەو بەشێوەیەكی مۆدێرن ئاوەدانن، لە رووی پرۆژەكانی رێگاوبان و ئاوو كارەباو گەیاندن و هاتوچۆ بێ‌ گرفتن، لە سەنتەری قەزای سۆران 65 دائیرەی حكومی هەیەو كە 45 دائیرە ئیشو كارەكانی هەرچوار قەزای (سۆران و مێرگەسۆرو چۆمان و رواندز) بەڕێ‌ دەبەن، هەروەها 14 بارەگای حزبە سیاسیەكانی لێیەو لەگەل 10 بارەگا پێگەیاندنە كۆمەڵگە مەدەنیەكان وەك سەنتەرو فەرهەنگ خانەو بنكە چالاكیەكان و رێكخراوە ناحكومیەكان چالاكیەكانی خۆیان لێ‌ ئەنجام دەدەن.

ئاستی رۆشنبیری له‌ قه‌زای سۆران:-
ئاستی رۆشنبیری لەو شارەدا بەرزەو ژمارەیەكی زۆری رۆژنامەنووس و نووسەرو هونەرمەندی لێیە، رۆژانە چالاكی هونەری و رۆشنبیری لێ‌ ئەنجام دەدرێ‌. هەربەم هویەشەوە كێشە كۆمەڵایەتیەكانی كەمن و بەشێوەی رۆشنبیری و مۆدێرنانە بیر لە كێشەكان دەكرێتەوە. بەهۆی ئاستی رۆشنبیری ناوچەكەو جێ‌ بەجێ‌ بوونی ریزبەندی ئەركەكانی دەولەت سالانە بە بڕی زیاتر لە 100ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاری لێ‌ ئەنجام دەدرێ‌، ئەمەش كاریگەریەكی زۆری كردۆتە سەر ئاوەدانی بەردەوام لەو قەزایەدا.
لەسەنتەری قەزا قۆتابخانەی مۆدیرن و گەورە هەن كە نزیكەی (50000) قوتابی لە پۆلی 1ی سەرەتایی 12 بنەڕەتی لە خۆدەگرێت، باخچەی ساوایانیش هەیەو منداڵە چاو گەشەكانی لێ‌ پەروەردە دەكرێت، هەروەها نەخۆشخانەیەكی گەورەی لێیەو بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو دوو نەخۆشانەی تریش بەكۆتا دێن، بە رادەیەكی زۆر چاودێری تەندروستی لە ئارادایەو تاكو ئێستا هیچ لەو نەخۆشیە كوشندانەی لێ‌ بەدی نەكراوە، بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوەی سروشتی و زۆر پاكە، هەروەها زیاتر لە 5 بنكەی تەندروستیش لەگەرەكەكاندا هەیە. هەر لە سنتەری قەزا دوو پەیمانگای لێیەو لەگەل چوار كۆلیژو سەرۆكایەتی زانكۆ.

قەزای سۆران ناوچەیەكی دڵڕفێن و دڵگرە لە هەموو روێكەوە، بازارو كوچەو كۆلانەكانیش پاكن و هاولاتیان هەماهەنگن، واتە هاولاتیان بەشێكی گرنگن لە بەرەوپێش چوونی ولات و ئاستی زانستی و رۆشنبیری ئاوەدانی و چارەسەری كێشەو گرفتەكان، بۆ كات بەسەر بردن چەندین پاركی بچوك هەن لە گەرەكەكاندا، هەروەها لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەو قەزایەشدا پاركێكی گەورەی لێیەو شەو رۆژ هاولاتی كاتی خۆشی لێ‌ بەسەر دەبات.
لەرووی بژێویەوە وێرای ژمارەیەكی زۆری ناوچەكە فەرمانبەری حكومەتن، بەشێكی زۆریش بە بازرگانی سەرقاڵن، چونكە ناوچەكە دەكەوێَـتە سێگۆشەیەكی گرنگی هەرسێ‌ ولاتی توركیاو ئێران و كوردستان و عێراقی فیداڵ، لەو ناوچەیەدا بازاری گشتی لێیەو رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆری لێ روودەدات و بەهۆی جەنجالی و سەردانی خەڵكێكی زۆر بۆ بازارەكانی سەنتەری قەزای سۆران كڕین و فرۆشتن زۆر لێی بەدی دەكرێت. ئەو كەلوپەلانەی لەوبازارەدا مامەلەی پێدەكرێت بریتین لە جل و بەرگ و پێداویستی ماڵ و كەلوپەلی رۆژانەو خواردن و ئۆتۆمبیل و زۆر شتی تر. بەهۆی بچوكی ناوچەكەو كەمی مێژووی ئاوەدانی ئەو ناوچەیە كارگەی گەورەی نیەو ئەو كارگانەی لەناوچەكەدا هەن بچوكن و بەرهەمی كەمن.

تێبینی : ئه‌و زانیاریانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ لایه‌ن قه‌زای (سۆران) وه‌رگیراوه‌ ئێمه‌ وه‌کو ستافی ماڵپه‌ری پارێزگا رێکمان خستوه‌ته‌وه‌