هەولێر… لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین: لە درێژەی چاودێرییەکان، ٣٢ بەنزینخانەیان لە پارێزگای هەولێر بەسەرکردەوە
هەولێر…
لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین: لە درێژەی چاودێرییەکان، ٣٢ بەنزینخانەیان لە پارێزگای هەولێر بەسەرکردەوە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، ئەمرۆ شەممە، ٢٥/٧/٢٠٢٦، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، بە سەرۆکایەتی عەقیدی پۆلیس نیهاد نەوزاد جەمال، لە کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بە هاوکاری ئەندامانی لێژنەکە، بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان و ٣٢ بەنزینخانەیان بەسەرکردەوە.
ئەو بەنزینخانانەی کە پابەند نەبوون بە نرخە دیاریکراوەکانی فرۆشتنی بەنزینی جۆرەکانی سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ، کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دیاری کراون، توندتر ئاگادار کرانەوە و ناچار کران بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان. هەروەها هۆشداری پێویستیشیان وەرگرت کە هەر سەرپێچییەکی داهاتوو ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و سزای کارگێڕی کتوپڕ دەبێتەوە.
ئەندامانی لێژنەکە دووپاتیان کردەوە کە هیچ جۆرە سەرپێچییەک لە بواری فرۆشتنی بەنزین قبوڵ ناکرێت، و هەر بەنزینخانەیەک بڕیارە حکومییەکان پێشێل بکات، جگە لە ڕێکاری یاسایی و سزای کارگێڕی، ئەگەری داخستنی شوێنی کارەکەشی لە ئارادایە.
لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم چاودێرییانە بەردەوام دەبن، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێبوونی فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی بەنزینێکی کوالێتی باش بە نرخێکی گونجاو، ڕێکخستنی بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندی و مافی گشتی هاووڵاتییان.