هەولێر ....... ڕێزلێنان پێشكەش بە فۆلکلۆرپەروەر و ڕۆژنامەنووس ( جەمال گەردەسۆری ) كرا

هەولێر ....... ڕێزلێنان پێشكەش بە فۆلکلۆرپەروەر و ڕۆژنامەنووس ( جەمال گەردەسۆری ) كرا

هەولێر .......
ڕێزلێنان پێشكەش بە فۆلکلۆرپەروەر و ڕۆژنامەنووس ( جەمال گەردەسۆری ) كرا

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە 2026.9.21، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، ئەديبان و هونەرمەندان، بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وێژەیی و سەنتەرەكانی هەولێر، بە هاوکاریی پارێزگاری هەولێر، لە هۆڵی سەفوەت جەراح لە بەرێوبەرایەتی سینەما و شانۆ، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی لەژێرناونیشانی (ئەمەک و شانازی) بۆ پێشكەشكردنی ڕێزلێنان و بەرزنرخاندنی بەرهەمەکانی فۆلکلۆرپەروەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری شاری هەولێر (جەمال گەردەسۆری) سازدا.

لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، تیشکیان خستە سەر ڕۆڵ و پێگەی گرنگی ( جەمال گەردەسۆری ) وەک ناوێکی دیاری ناوەندی ڕۆشنبیری لە پاراستنی فۆلکلۆری کوردی و خزمەتە بەردەوامەکانی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەرزنرخاندن و کۆکردنەوەی بەرهەم و نووسینەکانی کرایەوە وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە كۆتایشدا، خەڵاتی تایبەتی وەفا و پێزانین پێشکەش بە جەمال گەردەسۆری کرا، وەک ڕێزێک بۆ تەمەنێک لە بەخشین و ماندووبوون لەپێناو کلتووری کوردیدا.

جێگەی باسە، ( جەمال گردەسۆری ) کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی بواری کلتوور، ئەدەب و ڕاگەیاندنی کوردییە، کە تەمەنێکی درێژی لە پێناو خزمەتکردن بە ناسنامەی نەتەوەیی بەخشیوە، ئەو وەک یەکێک لە پارێزەرە دڵسۆزەکانی کلتووری کوردی دەناسرێت و ساڵانێکی زۆر کاری لەسەر کۆکردنەوە، تۆمارکردن و پاراستنی فۆلکلۆر، حەکایەت، مێژووی زارەکی و دابونەریتە ڕەسەنەکانی لادێ و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کردووە و ڕۆژنامەنووسێکی دێرینە، کە لە ڕێگەی نووسین و وتارەکانییەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا، هەمیشە تیشکی خستووەتە سەر بابەتە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان و وەک دەنگێکی ڕەسەنی کایەی ڕاگەیاندنی کوردی ماوەتەوە.