لە هەولێر.. بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی چەندین پۆند دروست دەکرێن

لە هەولێر.. بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی چەندین پۆند دروست دەکرێن


یەکێک لە بنەماکانی کارى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، ئیدارەدانی پرسی ئاو و پاراستنی ئاوى سەرزەوی و ژێرزەوی و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی لافاو بووە. لەوبارەیەشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو، كابینەی نۆیەم لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران، تیمێكی تەكنیكی پێك هێناوە بۆ لێكۆڵینەوەی گرفتی لافاوی هەولێر.
دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، كۆمەڵێك ڕێچارە پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هەولێر. ئەوانیش دوو بەش بوون:-
- بەشى یەکەم كرداری خێرا بوو بۆ ڕێگریكردن و دووبارەنەبوونەوەی لافاو بەشێوەیەكی كاتى
- بەشی دووەمیش پلانی درێژخانە بۆ گلدانەوەی ئاوەكە.
بۆ ئەم مەبەستەش لەبەشى یەکەم پلانە كورتخایەنەكە بریتی بوو لە خاوێنكردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەكانی ئاو كە بە ناو شاری هەولێردا تێپەڕ دەبن و هەروەها خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ دەستكردەكانە كە ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی باراناو دەبەن، جگە لەوەش ژمارەیەك لەو پردانەی دروست كران لەسەر ڕێرەوە سروشتییەكان فراوان كران، بۆ ئەوەی زیاتر ئاو لەخۆ بگرن.
بۆ بەشى دووەمیش، پلانە درێژخایەنەكە ئەوە بوو، ئەو ئاوی بارانەی دەبارێ، كۆی بكەرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی دروستکردنى ژمارەیەك پۆند كرا لە بەشەكانی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لەو ستریم و ڕێڕەوە ئاوییانەی هەیە، كۆمەڵێك پۆند دروست دەكرێن بۆ گلدانەوەی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە؛ هەندێكیان نەخشەکارییان تەواو بووە و هەندێكیشیان لەژێر پڕۆسەی نەخشەکاریین و لە دوای هاوینەوە، بە كردەیی دەستیان پێ دەكرێت.
بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزیران (36 ملیۆن دۆلاری) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوی شاری هەولێر تەرخان کرد. لەو 36 ملیۆنە نزیكەی 22% تەرخان کرا کە نزیكەی 8 ملیار دینار بوو، خۆشبەختانە وەكو قۆناغی یەكەم، بەو بڕە پارەیە هەولێر پارێزرا لەو لافاوانەی ڕووی دەدا، ئەگەر تەواوی بڕی پارەكە تەرخان بكەین، نەك تەنیا هەولێر دەپارێزرێت، بەڵكو كۆمەڵێك پۆندی گەورە دروست دەكرێن و ئاوی باران كۆ دەكاتەوە و سوودی گەشتیاری و سوودی ژینگەییان دەبێت بۆ ناوچەكانی دەرەوەی شاری هەولێر، بەتایبەتی لە بەشی باكوور و باكووری ڕۆژهەڵات. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرترین جێدەستی لە بواری پڕۆژەكانی ژێرخانی بواری ئاو دیارە و وەچەرخانێكی گەورەی لە بواری ژێرخانی ئاودا كردووە و ئەنجامەكەشی لە ساڵانی داهاتوودا دەبینرێت و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندی داوە لەسەر دروستكردنی (37 پۆند) لە هەمووی هەرێمی كوردستان بە تێچووی نزیكەی 27 ملیار دینار، جگە لەوەش ڕەزامەندی دراوە لەسەر 4 پۆندی تر کە لە قۆناغی ڕەزامەندیی داراییدایە، بەوەش ساڵی ڕابردوو كۆی گشتی ڕەزامەندیی 41 پۆند وەرگیراوە، بەشێكیان ئیشیان تێدا دەكرێ و تا ئاستی 40% ئیشەكانیان جێبەجێ كراوە، هەندێكیان تەندەریان بۆ كراوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ لەئارادایە هەموو گوندێك سەرچاوەیەكی ئاویی مسۆگەری هەبێ و ئەو سەرچاوە ئاوییەش پۆندێك بێت، یان لایەنی كەم گوندێك بەتەنیا یان دوو گوند پۆندێكیان هەبێ، بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی ئاویی بەردەوامیان هەبێت.
ئەوە سەڕاى ئەوەى کابینەى نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر باشی بە ئاو داوە، کۆمەڵێک بیر ئامادە دەکرێن بۆ هاوینی ئەمساڵی شارى هەولێر و شارە گەورەکان، بۆ ئەوەى کێشەى کەم ئاویی نەبێت. لەسەر ئاستی درێژخایەنیش کار بۆ ڕاکێشانی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکان و ڕووبارییەکان بۆ ناو شارەکان دەکرێت. حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بۆ کۆکردنەوەى ئاو؛ ئەویش پۆندە هەرەوەزییەکانن کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتییان و گوندنشینان دروست دەکرێن، بۆ ئەوەى زۆرترین پۆند بە کەمترین تێچوو دروست بکرێت لەسەر بنەماى زانستی و جیۆلۆجی و هایدرۆلۆجی.