فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر … گەیشتنەوەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکان

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر …  گەیشتنەوەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکان

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر …

گەیشتنەوەی تەرمی کۆچبەرە کوردەکان


ئەمشەو هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت بە یاوەری د. هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی حکومی و کەس و کاری قوربانیان لە پێشوازیان لەگەڕانەوەی تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد…
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم شەو تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە 8ـیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5ـی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر.
هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت، ڕایگەیاند: ژمارەیەک ئەمبوڵانس لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ گواستنەوەی تەرمەکان دابین کراون، ئەم شەو تەرمەکان لە پزیشکی دادی هەولێر دەهێڵدرێنەوە و دواتر ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
هاوکات گوتیشی: تەرمی کۆچبەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە ڕێگەی ئەمبوڵانسەوە دەگوازرێنەوە بۆ سەر سنووری ئێران و لەوێدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.
دوای تێکشکانی بەلەمەکە کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کارئاسانی بۆ ‌‌هێنانەوە تەرمی قوربانییانی تێکشانی یەختەکە بکەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنان بکەن.