پارێزگارى هەولێر بۆ کونسڵى ئێران:- "ئەمساڵ، باشتر لە ساڵانی ڕابردوو، پێشوازیی لە زیارەتکارانى چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن دەکەین"
پارێزگارى هەولێر بۆ کونسڵى ئێران:-
"ئەمساڵ، باشتر لە ساڵانی ڕابردوو، پێشوازیی لە زیارەتکارانى چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن دەکەین"
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.7.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، هەردوولا پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و هەرێمى کوردستان و دۆخى سیاسى و ئەمنیى ناوچەکە و چەند پرسێکى دیکەی پەیوەست بە دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد.
لەلایەن خۆیەوە، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سوپاس و ستایشى خۆى و وڵاتەکەى بۆ سەرۆک بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى دووپاتکردەوە لە بەرامبە میوانداریی و بەخشندەییان لە پێشوازیکردنی ساڵانەى زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشدارییان لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە، پارێزگارى هەولێر، سوپاسى سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد و ڕۆڵى بەڕێزیانى لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان بەرز نرخاند.
پاشان گفتوگۆ لە بارەى پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کرا و هەردوولا بەدواداچوونیان بۆ ئامادەکارییەکان کرد، پارێزگارى هەولێر، دڵنیایی کردنەوە بە فەرمانى سهرۆك بارزانی، هەریەک لە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاسپێردراون، بە ئهزموون وەرگرتن لە ساڵانى ڕابردوو، وەک پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیی و خزمهتكردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران تاکو دواخاڵی پارێزگاى هەولێر کە بازگەی شێراوەیە بۆ ئەمساڵ باشتر لە ساڵانى ڕابردوو و بە باشترین شێواز لە پێشوازیان دابین و هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەین.
لەلایەن خۆیەوە، سەر کونسڵى گشتیی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، لە بەرامبەر میوانداریی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینى ئیمام حوسێن، سوپاسی و ستایشی پارێزگارى هەولێر و ئیدارەى پارێزگا و لیژنەى باڵاى کرد بۆ ئەنجامدانى ئەو خزمەتگوزارییانەى پێشکەشى زیارهتكاران دەکرێت.
لەکۆتایشدا، دواى ئەوەى هەردوولا جەختیان لەبەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر کردەوە، تیشک خرایە سەر سەردانى بەرێز ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کە بڕیارە لەم نزیکانەدا بە یاوەرى شاندێکى باڵا شارەکەى، سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بکات.