هەولێر.. کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران
هەولێر..
کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران
ئەمشەو چوارشەممە 2025.9.24، بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ئومێد خۆشناو، پاێزگاری هەولێر و فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و ئێران، کۆبوونەوەیەک لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کورستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کۆمپانیایانەی بەشداربوون لە " حەفتەمین پیشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی و کەرستەی بیناسازیی"، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای بەخێرهێنانی بازرگانانی ئێران بۆ شاری هەولێر، جەختی لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و هیوایان خواست پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان گەشەی زیاتری پێ بدرێت.
هەروەها دەستخۆشی لە کۆمپانیا بەشداربووە بازرگانییەکانی ئێران کرد لە " حەفتەمین پیشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی و کەرستەی بیناسازیی"، و تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتن و بەرە و پێشوەچوونانەی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هاتوۆتە ئاراوە.
هەروەها خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا کە هەمیشە لە کردنەوەی پیشانگاکاندا لە هەولێر ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئێرانیەکان بەشداردەبن و کاریگەریان دەبێت، كە ئەمەش بەڵگەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
پارێزگاری هەروەها تەئکیدی لە گرنگی ڕێککەوتنامەی نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی تری کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە، کە بەهۆیەوە توانراوە کارەکانی ژووری بازرگانی و بازرگانانی هەردوولا ئاسانکاری زۆر و بەرەوپێشوەچوونی زۆر بەخۆیەوە ببینی و جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری گەشەی زیاتر بکات. بۆ ئەو پرسەش سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد، کە ڕۆڵیان هەبووە لەو ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتانەی واژووکراوە، بەتایبەتی ڕێککەوتنامەنی نێوان هەولێر و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا( ورمێ ).
لە کۆتایشدا، هیوای خواست دانیشتن و کۆبوونەوەی نێوان بازرگانانی هەردوولا و کۆبوونەوەی نێوانیان ببێتە هۆکاری زیاتر پێشکەوتنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.