لە هەولێر ... ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان "زاهیر عەبدوڵڵا" بەڕێوەچوو
لە هەولێر ...
ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان "زاهیر عەبدوڵڵا" بەڕێوەچوو
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆیەكشەممە 2025.11.23، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکی دیار و بەرچاوو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان و هاوڕێ و هەڤاڵانى و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانی كەسنەزان لەسەر ئارمەگەی خوالێخۆشبوو مەراسیمی ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری هەولێر و کوردستان ( زاهیر عەبدوڵڵا ) بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، دوای دانانی تاجەگۆلی ڕێز و وەفا لەسەر ئارامگەی هونەرمەند، پارێزگارى هەولێر، وێڕای دووبارە سەرخۆشی لە بنەماڵە و كەس و كاری هونەرمەند، مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندى کۆچکردووی لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراماى کوردی بەرز نرخاند، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى پێشکەشى کرد بە شانازیی بۆ گەلەکەمان و شارى هەولێر لە قەڵەمیدا، کۆچى دوایى هونەرمەندی بۆ شاری هەولێر و کوردستان بەگشتی بەخەسارەتێکى گەورە وەسفکرد.
جێگەى باسە، خوالێخووشبوو"زاهیر عەبدوڵڵا خدر" لە ساڵی 1958 لە گەڕەکى تەیراوەى شارى هەولێر لە دایک بووە و زیاتر لە 50 ساڵ سەرقاڵی كاری شانۆیی و دراما بوو، دوای تووشبوونى بە نەخۆشی شێرپەنجە لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە 2024.6.27 ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام بەداخەوە بەهۆى سەختى نەخۆشیەکەى لە 2024.11.23 و لە تەمەنی 66 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی لە گۆڕستانی كەسنەزان لە دەوروبەری شاری هەولێر بەخاكسپێردرا.