پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی فەڵەستین، پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانی هەردوو گەلی ( كوردستان و فەڵەستین ) دووپات دەكەنەوە

پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی فەڵەستین، پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانی هەردوو گەلی ( كوردستان و فەڵەستین ) دووپات دەكەنەوە

پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی فەڵەستین، پشتیوانیی خۆیان لە داوا ڕەواکانی هەردوو گەلی ( كوردستان و فەڵەستین ) دووپات دەكەنەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە 2025.12.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە باڵیۆز ماهر عەبدولحەفیز ئەلکەرکی، کونسوڵی گشتی فەلەستین لە هەولێر کرد.

لە دیدارەكەدا، كە هەریەك لە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و بەڕێوەبەری قەیرانەكانی پارێزگا، ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هەموو پشتگیرییەكی پارێزگای هەولێر و لایەنە پێوەندیدارەكانی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی پێشان دا، خواستی هەرێمی كوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكانی لەگەڵ فەلەستین دووپات كردەوە.

پاشان، تیشكی خستەسەر پەیوەندی مێژووی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و فەلەستین و پەیوەندی بەردەوامی سەرکردەکانی هەردوولا لە قۆناغەکانی شۆڕش و بەرخودان لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی هەردوو گەل. هەروەها پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانی گەلی فەڵەستین كرد و ئومێدی خواست شەڕو ململانێكان بەکۆتا بێت و ئاشتی و سەقامگیری بەرقەراربێت و گەلانی فەڵەستین و كوردستان بگەنە بە مافەكانیان و لەسایەی مافەکانیان بەئارامی بژین.

لەلایەن خۆیەوە، کونسوڵی گشتی فەلەستین ویڕای ئیدانەكردنی هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر، كە بەهێرشێكی تیرۆرستی و تاریك پەرستان بۆسەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەقەڵەمیدا، هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەبێت بە تایبەت لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە. دووپاتیشی كردەوە هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین کە مێژووییەکی دوور و درێژیان لە ئازار و بێ مافی هەیە پێویستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام پشتیوانی یەکتربن.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، سەبارەت بە بەرزکردنەوەی هاوکاریی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی، هەروەها سەبارەت بەو قوتابیە فەڵەستینیانەی لە زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیراون، پارێزگاری هەولێر هەموو پاڵپشتی و هاوكاریەكی ئەوان و هەموو ئەو فەڵەستینیانەی لە سنووری پارێزگای هەولێرن دووپاتكردەوە، لەوبارەیەشەوە باڵیۆز سوپاسی پارێزگاری هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامیان لەپێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.

لەكۆتایشدا، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و دۆخی غەزە، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، تێیدا دووپات لە پاراستنی مافی گەلی فەلەستین و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و ئارامی و سەقامگیری لەناوچەكە كرایەوە.