هەولێر ... هەردوو بەشی تیشكی كارا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەیی لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كرایەوە
هەولێر ...
هەردوو بەشی تیشكی كارا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەیی لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كرایەوە
ئەمرۆ سێشەممە 2026.1.27، لە چوارچێوەى گرنگیدانى بە کەرتى تەندروستیى و باشترکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ هاوڵاتییان و بەرزکردنەوەى کوالێتى نەخۆشخانە گشتییەکان، هەریەك لە د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونی د.دلۆڤان محمەد، بەرێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و حاجی عمر نانەکەلی و د.کامەران نانەکەلی، لە دەزگای خێرخوازیی نانەکەلی و بەرێوەبەر و پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، لە ڕێورەسمێکدا هەردوو بەشی تیشكی كارا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەییان لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كردەوە.
پارێزگارى هەولێر دوای كردنەوە و بەسەركردنەوەی بەشەکە و بە دواداچوون بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکانی بەشەکان، وێڕای پیرۆزبایی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی کرد و ئومێد خواست هاوڵاتییان هەمیشە ساغ و تەندروست باشبن و پێویستیان بە نەخۆشخانەکان نەبێت، گوتیشى، كردنەوەی ئەم بەشانە، گرنگ و کاریگەر ن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هاوکارى و چارەسەرکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەكەلی و دووپاتی لە پاڵپشتى و هەماهەنگی بەردەوامی کەرتى تەندروستى بەگشتیی لە سنوورى پارێزگاى هەولێر كردەوە.
جێگەى باسە، هەردوو بەشی تیشكی خێرا و خەواندنی منداڵانی 30 قەرەوێڵەیی، كە لە لایەن دەزگای خێرخوازی نانەکەلەلی بە هەماهەنگی وەزارەتی تە ندروستی بە گوژمەی ( 500 هەزار دۆلار ) دروستكراوە، پێكهاتووە لە چەندین خزمەتگوزاریی تە ندروستی وەک:- دەست نیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و وەرگرتنی نموونەی گرێ شێرپەنجە و دانانی پۆرت بۆوەرگرتنی چارەسەری کیمیاوی و وەرگرتن و دەرهێنانی ئاو و شلەی تر لە لەش بۆ دەست نیشان کردن و ئەنجامدانی سووتانی گرێی شێرپەنجەیی، وابڕیاریشە لەو نزیكانە بەشی چاندنی مۆخ لەهەمان نەخۆشخانە بكرێتەوە.