پارێزگارى هەولێر لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەی گشتی قەتەر کۆبوەوە

پارێزگارى هەولێر لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەی گشتی قەتەر کۆبوەوە

پارێزگارى هەولێر لەگەڵ هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەی گشتی قەتەر کۆبوەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.1.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەردانى کونسڵخانەى گشتیی قەتەری لە هەولێر کرد و لەلایەن مشعەل ئەلهاجرى، هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەكە پێشوازیى لێکرا.

لە دیدارەکەدا، هەردولا جەختیان لە پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و بازرگانیەكانی نێوان وڵاتی قەتەر و هەرێمی کوردستان کردووە، کە مێژوویەکی قوڵ و دوور و درێژی هەیە و بەردەوام لە بەرەوپێشچوندایە.

دواتر پارێزگاری هەولێر، وێڕاى بەرز نرخاندنى کارەکانى كونسڵخانەی قەتەر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەكەیان، جەختى لەپتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و كونسڵخانە کردەوە، هەروەها سوپاسى کونسڵ و ستافى کونسڵخانەكەى کرد کە بەردەوام لەگەڵ پارێزگا هەولێر بوونە بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفت و كێشەیەك ئەگەر هەبووبێت.

لەلایەن خۆیەوە هەڵسوڕێنەری كاروباری کونسوڵخانەی گشتی قەتەر لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەربڕی و ستایشی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی ئەو ئاوەدانی و گەشەپێدانەی هەولێری پایتەخت بەخۆیەوە بینیوە.

دووپاتیشی كردەوە كە سەركردایەتیی وڵاتەكەی، بە بایەخ و گرنگییەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، خوازیاری ئەوەن لە هەموو بوارەكاندا ئاستی پێوەندییەكان بەرەوپێش ببەن. لەمبارەیەشەوە هەردوولا تیشكیان خستە سەر دەرفەتی كار و وەبەرهێنانی قەتەری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایشدا، زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و هیوای خواست له‌مه‌ودوا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌نگاوی پێشكه‌وتووتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ و كه‌ناڵی سه‌ردانه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای پێشكه‌شكردنی خزمه‌تی زیاتر، به‌رده‌وامی پێ بدرێت .