پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و یاریزانانی یانەی شەقڵاوە دەکات
پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و یاریزانانی یانەی شەقڵاوە دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەی وەرزشی شەقڵاوە کرد. ئەم دیدارە پاش ئەوە دێت کە یانەی شەقڵاوە توانی لە وەرزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بە ئاستێکی بەرز، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بگاتەوە بە خولی نایابی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، كە هەریەك لە سوارە ئەكرەم، قائیمقامی قەزایی شەقڵاوە و ڕۆژگار محمود، بەڕێوەبەری وەرزشی هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشی لە ڕاهێنەر و ستافی هونەری و یاریزانان و سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكە کرد کە توانییان یانەكەیان بگەێننەوە بە خولی نایابی كوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد ئەم سەرکەوتنە تەنها دەستکەوتێکی وەرزشی نییە، بەڵکو گوزارشت لە ئیرادەی لاوان و گەنجانی ئەو دەڤەرە ڕەنگینە دەکات.
پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەرکی یانەکە لە خولی نایابی كوردستان قورستر دەبێت، چونکە ئێستا ئەوان نوێنەرایەتییەکی فراوانتری پارێزگای هەولێر دەکەن. هیوای خواست بە هەمان "گوڕوتین و دیسپلینەوە" بچنە نێو کێبڕکێکان و ببنە ڕکابەرێکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی نازناوەی خولەکە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، پارێزگاری هەولێر ئامادەیی خۆی و دامەزراوەکانی پارێزگای هەولێری لە پاڵپشتی و هاوکاریکردنی یانەکە دووپاتكردەوە، تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە خۆیان بۆ خولی نایابی كوردستان ئامادە بکەن و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن.