هەولێر.. کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان بەڕێوەچوو

هەولێر..  کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان بەڕێوەچوو

هەولێر..
کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.4.12، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەعید الجیاشی، ڕاوێژکاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکانی عێراق و شاندی یاوەری، کۆبوونەوەی "لیژنەی ئامادەکردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافییەکان" لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەك لە قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێك لە بەڕیوەبەرانی دام دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكە بەشداربوون، تیشک خرایە سەر ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، ئاماژەی بە پێگە و مێژووی دێرینی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان کرد و ڕایگەیاند، کە ئەرکی لیژنەکە هەستیارە، بەڵام پێویستە ئامادەبووان هەریەکە و بەپێی پسپۆڕی خۆی، لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانی ئامادەکردنی فەرهەنگەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواو بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان بۆ شوێنە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کرا. بۆ ئەم مەبەستەش، پارێزگاری هەولێر بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا بۆ دانانی نەخشە و دەستنیشانکردنی شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان لە سەنتەری شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لیژنەی ناوبراو لە ماوەی 10 ڕۆژدا کارەکانی بەکۆتا بهێنێت و هەموو قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش ڕاسپێرد کە هاوکار و هەماهەنگی تەواوی لیژنەکە بن بۆ ئەوەی داتا و زانیارییەکان بە شێوەیەکی زانستی و ورد وەک خۆیان تۆمار بکرێن.

جێگەی باسە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی جوگرافی و مێژوویی ناوچەکان و یەکخستنی ناوەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.