هەولێر.... دوای نۆژەنکردنەوەی هۆڵی چاودێریی چڕ ( ICU ) لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی کرایەوە
هەولێر....
دوای نۆژەنکردنەوەی هۆڵی چاودێریی چڕ ( ICU ) لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی کرایەوە
ئەمرۆ سێشەممە 2026.4.14، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر، هۆڵی چاودێریی چڕ ( ICU )یان دوای نۆژەنکردنەوەی كردەوە، كە لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر بەشێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە لە پێناو پەرەپێدان و باشتركردنی پێشكەشكردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەكە بۆ هاوڵاتیان جێبەجێكراوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم بەشەدا، کە د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و ژمارەیەکی تر لە پزیشک و کارمەندانیان ئامادەی بوون، وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر، جەختیان لە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا ئەو پڕۆژەیە بەشێکە لە زنجیرە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت لە سێکتەری تەندروستیدا، بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی بگاتە هاوڵاتیانی شارەکەمان و ئامانج لێی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر و پێشکەشکردنی چارەسەری خێرا و وردە بۆ ئەو نەخۆش و بریندارانەی لە دۆخێکی تەندروستی ناجێگیردان.
جێگەی باسە، نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە تەندروستییەکانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی حاڵەتە کتوپڕەکان و بریندارانی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان دەبێتەوە. نۆژەنکردنەوەی هۆڵی چاودێریی چڕ و دابینكردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی پێشکەوتوو بۆی، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر کەرتی گشتی و دابینکردنی چاودێرییەکی وردی 24 کاتژمێری بەبێ بەرانبەر بۆ هاوڵاتیان، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی ژێرخانی تەندروستی لە سنووری پارێزگای هەولێر.