هەولێر… لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین: سەرپێچییەکان ڕووبەڕووی ڕێکاری کتوپڕی یاسایی دەبنەوە
هەولێر…
لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین: سەرپێچییەکان ڕووبەڕووی ڕێکاری کتوپڕی یاسایی دەبنەوە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین و پاراستنی مافی هاووڵاتییان، لێژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، بە سەرۆکایەتی( عەقیدی پۆلیس نیهاد نەوزاد جەمال ) لە کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بە یاوەری ئەندامانی لێژنەکە، ئەمرۆ هەینی 24/7/2026 بەردەوام بوون لە چاودێرییەکان و زیاتر لە ٢٨ بەنزینخانەیان لە ناو پارێزگا بەسەرکردەوە.
لە ماوەی ئەم چاودێرییەدا، ئەو بەنزینخانانەی پابەند بە بڕیارەکانی دیاریکراوی نرخی فرۆشتنی بەنزین نەبوون کە سامانە سروشتیەکان بۆ بەنزینی جۆری ( سوپەرو موحەسەن و نۆڕماڵ ) دیاری کردووە، ئاگادار کرانەوە و ناچار کران بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هەروەها هۆشداری درایەوە کە هەر سەرپێچییەک ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی کتوپر دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا، لێژنەکە سوپاسی ئەو بەنزینخانانەی کرد کە هاوکارییان کردووە و پابەند بوون بە نرخە دیاریکراوەکان.
ئەندامانی لێژنەکە دووپاتیان کردەوە کە هیچ جۆرە سەرپێچییەک قبوڵ ناکرێت و هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت بە بڕیارەکان، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی، سزای کارگێڕی و تەنانەت داخستنی شوێنی کار دەبێتەوە.
بە پێی گوتەی لێژنەکە، ئامانجی ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ دابینکردنی بەنزینێکی کوالێتی باش بە نرخێکی گونجاو، بەهێزکردنی چاودێری بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییان.