هەولێر...... ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی نیشتمانیی ( بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کارەسات لە هەرێمی کوردستان ) بەڕێوەچوو

هەولێر......  ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی  پڕۆژەی نیشتمانیی ( بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کارەسات لە هەرێمی کوردستان ) بەڕێوەچوو

هەولێر......
ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی نیشتمانیی ( بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کارەسات لە هەرێمی کوردستان ) بەڕێوەچوو

ئێوارەی سێشەممە 2026.7.28، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و سروە رەسول بەرێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ژمارەیەکی بەرچاو لە دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و بەرپرسانی دیكەی حکومی و کارگێڕی، لە سەر قەڵای مێژوویی هەولێر، ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی نیشتمانیی ( بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی کارەسات لە هەرێمی کوردستان ) بەڕێوەچوو.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی فەڕەنسا جێبەجێ کراوە، ئامانجی داڕشتنی پلانی پێشوەختەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پەرەپێدانی توانای تیمەکانی فریاگوزاری وەک بەرگری شارستانی، و دابینکردنی سیستمی پێشکەوتوویی هۆشداری بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکان لە کاتی ڕووداوە سروشتییەکاندا.

لە ڕێورەسمەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژیەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە کرایەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی وڵاتی فەڕەنسا و کونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتەی کرا لە پەرەپێدانی سێکتەرە جیاوازەکان، هەروەها ئاماژە بەوەدرا، كە هەولێری پایتەخت وەك هەمیشە پێشەنگ بووە لە پێشوازیکردن لە پڕۆژەی لەم شێوەیە کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە ژێرخانی سەلامەتی و پاراستنی هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە مەترسی ڕووداوی سروشتییان لەسەر بووە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتاری خۆیدا دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەیوەندییە مێژوویی و هاوڕێیەتییە پتەوەکەی نێوان فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە چوارچێوەی هاوکارییە سیاسی، سەربازی و مرۆییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو ئەمڕۆ لە بوارەکانی پاراستنی مەدەنی، بەڕێوەبردنی قەیران و ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانیش بۆتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە هاوبەشی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان .

وەزیری ناوخۆ باسی لە دیدگای بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هاوردەکردنی ئەزموونی پێشکەوتووی جیهانی و فراوانکردنی بەردەوامی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوازێک کە کاریگەرییەکانی بە روونی دیارن، بۆیە دۆسیەی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە بەرز دەنرخێنن.

لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی گشتیی وڵاتی فەڕەنسا لە هەولێر، هاوبەشی و دۆستایەتی مێژوویی نێوان گەلی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی و تەکنیکییەکان بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەكۆتایشدا ڕێورەسمەکە، بە بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بە سەرپەرشتیاران و سەرکەوتووانی پڕۆژەکە کۆتایی پێهات.