هەولێر ..... خەڵاتی زێڕین بەخشرایە شانۆکار سدیق حوسێن
هەولێر .....
خەڵاتی زێڕین بەخشرایە شانۆکار سدیق حوسێن
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.7.28، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی گرنگیپێدانی بەردەوامی پارێزگای هەولێر بۆ پاڵپشتیکردنی سەرمایە مرۆیی و کلتورییەکان، مێژووی زیندووی داهێنەرانی کوردستان و بەرز ڕاگرتنی پێگەی هونەرمەندان لە کۆمەڵگەدا، لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە هەماهەنگی و پاڵپشتی پارێزگای هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا وەك ڕێز لێنان لە مێژووی پڕ لە دەستکەوتی هونەری لە بواری شانۆ و درامای كوردی، خەڵاتی زێڕین پێشکەش بە هونەرمەند سدیق حوسێن کرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە لە باخچەی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕێكخرابوو و هەریەك لە هیوا سوعاد، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو و دیار لە هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆشنبیران ئامادە بوون، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێكدا، باسی لە ڕۆڵ و کاریگەر و مێژوویی هونەرمەندانی شاری هەولێر بەگشتیی كرد لە دەوڵەمەندکردنی شانۆی کوردی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ، و ئەم جۆرە چالاکییانەشی بەرز نرخاند، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ڕێزلێنان لە هونەرمەندان، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و پارێزگای هەولێر هەمیشە سەکۆ و پاڵپشتی ڕاستەقینەی داهێنەران بووە و دەبێت.
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، پارێزگاری هەولێر تیشكی خستە سەر وێستگە درەوشاوەکانی تەمەنی هونەریی شانۆکار ( سدیق حوسێن ) و دووپاتیكردەوە كە ناوبراو تەنها ئەکتەرێک نییە، بەڵکو ستوونێکی جێگیری شانۆی کوردییە و كار و بەرهەمەكانی ماییەی شانازین بۆ شارەكەمان. پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە خەڵاتی زێڕین پێشکەش بە هونەرمەند " سدیق حوسێن " کرا.
جێگەی باسە، هونەرمەند سدیق حوسێن شانۆکار و دەرهێنەرێکی دیاری شاری هەولێر، لە ساڵی 1970 لە شاری قەڵادزێ لە دایکبووە، بڕوانامەی بەشی شانۆی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر لە ساڵی 1997 بەدەستهێناوە و بەشی سینەمای لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانكۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە، خاوەنی چەندین كار و بەرهەمی شانۆییە و یەکەم کاری هونەریشی وەک ئەکتەر لە شانۆی (ڕاوچی) بووە لە ساڵی 1986.