لە هەولێر...... لەژێر ناونیشانی ( بنیاتنانی ئابوورییەکی خۆراگر ) یەکەمین دانیشتنی ساڵۆنی بازرگانی بەڕێوەچوو
لە هەولێر......
لەژێر ناونیشانی ( بنیاتنانی ئابوورییەکی خۆراگر ) یەکەمین دانیشتنی ساڵۆنی بازرگانی بەڕێوەچوو
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.7.29، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەولێر و سەرورە کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و گەیلان حاجی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی حکومی، کارگێڕی، پیاوانی کار، بازرگانان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، ڕێورەسمی یەکەمین دانیشتنی ( ساڵۆنی بازرگانی هەولێر ) بەڕێوەچوو، كە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئەڵمانی (GIZ) ڕێکخرابوو.
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێكدا، تیشکی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرد کە سوودوەرگرتن لە شارەزایی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لایەنی ئەڵمانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئابوورییەکان و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر.
هەروەها سوپاسی کونسڵخانەی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی (GIZ)ی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان لە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و ڕاهێنانی هێزی کار و ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی ئەزموون و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەوروپی بۆ ناوخۆ، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بازرگانانی ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
جێگەی باسە، ئامانجی سەرەکی ئەم ساڵۆنە، دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان و کارئاسانییە بۆ کەرتی تایبەت تا بتوانێت ڕۆڵی کاریگەر لە گەشەی ئابووریدا بگێڕێت بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕاسپاردەی جیاجیا لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزایی بوارەكە پێشكەشكران و جەخت لەسەر پێویستی هاندانی پیشەسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان کرایەوە، بە ئامانجی هێنانەدی ئابوورییەکی سەربەخۆ و خۆراگر.