یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی کوردستان لە هەولێر بنیاد دەنرێت
یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی کوردستان لە هەولێر بنیاد دەنرێت
لە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیجییەکان بۆ پاراستنی ژینگە و بووژاندنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، کارکردن لە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، کە بریتییە لە وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی قورسی هەولێر.
پڕۆژەکە بە دەستی کاری ناوخۆیی و بە توانایەکی پێوانەیی دروست دەکرێت، بە مەبەستی دروستکردنی ئاییندەیەکی پاکتر و سەوزتر بۆ پایتەخت.
پڕۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی قورسی هەولێر، لەسەر ڕووبەری ٢٢٥ دۆنم لە ڕۆژئاوای شارەکە دروست دەکرێت و پرۆسەی جێبەجێکردنی بەسەر ٤ قۆناغدا دابەش کراوە. کۆی گشتیی توانای پاککردنەوەی وێستگەکە دەگاتە ٨٤٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا.
لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ٥٦ دۆنم بەردەوامە، کە بەتەنها توانای چارەسەرکردنی ٢١٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە ڕۆژێکدا.
بۆ گواستنەوەی ئاوە قورسەکە، پڕۆژەکە پشت بە تۆڕێکی بۆڕیی درێژ دەبەستێت کە درێژییەکەی ٢٢ کیلۆمەترە؛ ئەم تۆڕە لە شەش دەرچەی جیاوازی شاری هەولێرەوە ئاوی قورس کۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ ئاراستەی وێستگەکەی دەکات.
کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا ١٤٪ـی کارەکانی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە. بەپێی پلانی بەڵێندەرایەتی، بڕیارە پڕۆژەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی، کە ٧٢٠ ڕۆژە، بەکۆتا بێت و بخرێتە کار.
ئاوەکە بە زیاتر لە ٢٠ قۆناغی جیاوازی پاککردنەوەدا تێدەپەڕێت، کە قۆناغەکانی (میکانیکی، بایۆلۆژی و کیمیایی) لەخۆ دەگرێت، ئەوەش بەتەواوی لەگەڵ بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی بواری ژینگە و تەندروستیدا دەگونجێت.
ئاوی چارەسەرکراوی ئەم وێستگەیە بەفیڕۆ ناچێت، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر، پارکەکان و ناوچە سەوز و کشتوکاڵییەکان. جگە لە بەرهەمهێنانی ئاوی پاک، پڕۆژەکە لە پاشماوەی ئاوە قورسەکە دوو بەرهەمی گرنگی دیکە جیا دەکاتەوە:
پەینی کیمیایی: کە تایبەت دەبێت بۆ بووژاندنەوەی ناوچە سەوزاییەکان.
گاز: کە لە ڕێگەی وێستگەیەکی تایبەتی کارەباوە دەگۆڕدرێت بۆ وزە و بەشێک لە پێداویستیی کارەبای خودی پڕۆژەکە دابین دەکات.