هەولێر … نمایشکردنی فیلمی دۆکۆمێنتاریی «٥٢ ڕۆژ»
هەولێر …
نمایشکردنی فیلمی دۆکۆمێنتاریی «٥٢ ڕۆژ»
ئێوارەی ئەمڕۆ، چوارشەممە 26.8.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دکتۆر زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دوو، دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن و خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندو هونەردۆستان، فیلمی دۆکۆمێنتاریی «٥٢ ڕۆژ» لە سینەما ئیمپایەر لە فامیلی مۆڵ نمایش کرا.
چیرۆکی فیلمەکە، لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی داستانی خواکورک لە ساڵی ١٩٨٨ وەرگیراوە، قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی خەبات و بەرگریی پێشمەرگە بەرامبەر هێزەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەخاتەڕوو؛ بەرگرییەک کە بۆ ماوەی ٥٢ ڕۆژ لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان بەردەوام بوو.
ئەم بەرهەمە لەلایەن کرمانج مستەفا ڕەئووفەوە دەرهێنراوە و نینۆس نەمرود خاوەنی بیرۆکەکەیەتی. سیناریۆکە لەلایەن کامل فەخرەدین ئامادە کراوە و مستەفا حەمەد ئەمین بەشداریی لە نووسینی کردووە، لەگەڵ یوسف عوسمان وەک ئەکتەری سەرەکی.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فیلمەکە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) ـە بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆیی هەندێک لە ڕووداوە مێژووییەکان، کە هەنگاوێکی نوێ لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە بەرهەمی سینەمایی کوردیدا هەژمار دەکرێت.
نمایشکردنی «٥٢ ڕۆژ» لەلایەن تۆڕی میدیایی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنان و پێشخستنی بەرهەمی سینەماییە کوردییەکان و گواستنەوەی مێژووی خەبات و بەرگریی کوردستان بۆ نەوەی نوێ، لە ڕێگەی هونەر و سینەماوە هاتووە.
ئەم بەرهەمە هەروەها هەوڵێکە بۆ بەرجەستەکردنی داستانی خواکورک و ئەو قۆناغە مێژووییەی کە بووەتە بەشێک لە یادەوەریی خەبات و بەرگریی گەلی کوردستان.