پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە لە هەولێر بەڕێوەچوو
پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە لە هەولێر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ، پێنجشەممە 8.10.2026 بە ئامادەبوونی د. سامان بەڕزنجی، وەزیری تەندروستی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەری گشتی تەندورستی هەولێر، و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی، پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی عێراقی بۆ نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە، بە هاوبەشی لەگەڵ هەژدەهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی عەرەبی بۆ نەخۆشییەکان و چاندنی گورچیلە، لە شاری هەولێری پایتهخت بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، کۆمەڵێک بابەتی زانستی و پزیشکی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکانی گورچیلە و ڕێوشوێنە نوێیەکانی چارەسەرکردنیان، بە تایبەتی بواری چاندنی گورچیلە، لەلایەن پزیشکان و پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە بهشێوهی توێژینهوهی زانستی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
چاندنی گورچیلە یەکێکە لە گرنگترین و پێشکەوتووترین شێوازەکانی چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو نەخۆشانەی بە کۆتاییهێنانی کارکردنی گورچیلەکان تووش بوون، و لە ساڵانی ڕابردوودا بواری نەشتەرگەری و چاودێری پزیشکی لەم بوارەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتووە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، چەندین سەنتەری تایبەت لە پارێزگاکان خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و نەشتەرگەرییەکانی چاندنی گورچیلە بە پێی ستانداردە پزیشکییەکان پێشکەش دەکەن، بە پشتبەستن بە تیمە پزیشکییە پسپۆڕەکان لە بواری نەشتەرگەری میزەڕۆ و نەخۆشییەکانی هەناوی و گورچیلە.
کۆنفرانسەکە هەروەها دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیارییە زانستییەکان، گفتوگۆ لەسەر نوێترین شێوازەکانی چارەسەر و پەرەپێدانی هاوکارییە پزیشکی و زانستییەکان لە بواری نەخۆشییەکانی گورچیلە و چاندنی ئەندامەکان.