هەریر ..... دووەمین فيستیڤاڵی برنج و بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکان بەڕێوەچوو
هەریر .....
دووەمین فيستیڤاڵی برنج و بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.10.15، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر و سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای شەقڵاوە و سیروانی عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حكومی و کەسایەتی ناوچەکە، دووەمین فيستیڤاڵی برنج و بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکان لە قەزای هەریر دەستیپێکرد.
ئەم فیستیڤاڵە کلتووری و ئابوورییە کە لە ناو جەرگەی پارکی هەریر سازکراوە، بڕیارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەریەک بەردەوام بێت.
پارێزگاری لە ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی فیستیڤاڵەکە لە وتارێکدا، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و پشتگیریکردنی جووتیارانی ناوچەکە کردەوە، بەوپێیەی دەشتی هەریر بە یەکێک لە ناوچە هەرە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و مێژوویەکی دێرینی لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی هەیە.
جێگەی باسە، لە فیستیڤاڵەکەدا، چەندین بەش و بەرهەمی جیاوازی خۆماڵی سروشتی، بەرهەمە سپیاییەکان، کاری دەستی و خواردنە ڕەسەنەکانی کوردەواری لەخۆگرتووە کە لەلایەن خاوەنکار و جووتیارانی دەڤەرەکە نمایشکراون، چاوەڕوان دەکرێت، هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو هەزاران گەشتیار و کڕیار لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە ڕابکێشێت و بازاڕێکی ڕاستەوخۆ بۆ ساخکردنەوەی ماندووبوونی جووتیاران برەو پێبدات.