هەولێر … لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا یادی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بەرز ڕاگیرا

هەولێر … لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا یادی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بەرز ڕاگیرا


ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە 20.10.2026 بە ئامادەبوونی بەرێز سیداد بارزانی نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی، فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کاگێری مەکتەبی سیاسی( پ د ك) و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر، ڕۆشنبیر، کادیر و کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری دێرین، خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، یەکێک لە دامەزرێنەرە دیارەکان و جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سەرپەرشتی و ڕێکخستنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامانجی ڕێزلێنان لە مێژووی خەبات و تێکۆشان و بەرز نرخاندنی ڕۆڵ و پێگەی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی سیاسی و نیشتمانی ساز کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، تیشک خرایە سەر وێستگە گرنگەکانی ژیان و خەباتی ئەو کەسایەتییە سیاسییە، هەروەها ڕۆڵ و بەشدارییەکانی لە دامەزراندن و پەرەپێدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و خزمەتکردن بە پرسی ڕەوای گەلی کورد.

لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕێوڕەسمەکەدا، گرنگی بە ناساندنی میراتی سیاسی و نیشتمانی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و گواستنەوەی ئەزموون و بەهاکانی تێکۆشانی بۆ نەوەی نوێ و کادیرانی ئێستا درا، بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی یاد و ڕۆڵی کەسایەتییە مێژووییەکان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.

شایەنی باسە، ئەم ڕێوڕەسمە لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پاراستنی یادەوەریی مێژوویی و ڕێزلێنان لە خەبات و قوربانیدانی سەرکردە و تێکۆشەرە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسی و نیشتمانی کوردستاندا ڕێکخرا.