سەرۆكی حكومەت: هەرێمی كوردستان دابەش ناكرێت

سەرۆكی حكومەت: هەرێمی كوردستان دابەش ناكرێت

‎سەرۆكی حكومەت: هەرێمی كوردستان دابەش ناكرێت

رۆژی سێشەممە 11/17، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاریی (موڤێنپیک- گۆمەسپان ڕیزۆرت) دانرا.
لە گوتارێكدا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە کرد لە دەڤەرەکە کە لەماوەی کورتدا پێشکەوتنی باشی بە خۆیەوە دیتووە. جەختیشی کردەوە کە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئاسانكارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەران دەكات بە مەبەستی بەجێگەیاندنی پرۆژەی هاوشێوە.
سەرۆکی حکومەت باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ئەوەی خستە ڕوو، كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی نەهێڵن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ماف و شایستە داراییەكانی خەڵك دەستەبەر بكات، بەڵام حكومەت هەموو توانای خۆی بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی خەڵك دەخاتە گەڕ.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا ، سەرۆكی حكومەت باسی لەوە کرد كە خەڵكی كوردستان ڕێگە نادات، هەرێمی كوردستان دابەش بکرێت و هەر بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای گورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا
هەمووتان بەخێر بێن
سوپاس بۆ ئامادەبوونتان
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی گەشتیاریی گرنگ لێرە لە گۆمەسپان. پێش چەند ساڵێك، ئێرە نە ئاوی لێبوو، نە ڕێگا بەم شێوەیە بوو، نە ئەم جۆرە پرۆژانەش لە بیرۆكەی هیچ كەسێكدا بوو. لە خوا بەزیاد بێ دوای ماوەیەك، بینیمان لە هیچەوە دەریاچەیەك و بەنداوێك دروست كرا، ڕێگەیەكی خێرا بە دەوری بەنداوەكەوە دروست كراوە كە دیسان هەر بە ڕێگەیەكی خێرا و دوو سایدیی بە هەولێرەوە بەستراوەتەوە. ئەمە وادەكات خەڵكی هەولێر و ئەم دەڤەرە، خەڵكی راپەڕین، سلێمانی و هەموو كوردستان، چێژ لە جوانی و سروشتی جوانی كوردستان وەربگرن. ئەمە ئامانجی ئێمە بووە لە سەرەتاوە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین، ئامانجی ئێمە بووە لە سەرەتاوە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین. ئامانجی ئێمە ئێمە بووە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیكەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان ژیانێكی بەختەوەرتر بژین و چێژ لە سروشتی كوردستان وەربگرن.
سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی وەبەرهێنان دەکەم، بۆ پشتیوانی و یارمەتیدان و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت كە ئەم جۆرە پرۆژانە بەجێ بگەیەنن.
زۆرجار پرسیاری ئەوە دەكرێ كە ئەم جۆرە پرۆژانە، بە چ بودجەیەك دروست دەكرێت؟ بڕوا بكەن هەمووی بە بودجە و ئەركی كەرتی تایبەتەوەیە، حكومەت ئاسانكاری دەكات، بەڵام ئەم جۆرە پرۆژانە بە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێت كە ئەمە ڕێگەی دروستە، حكومەت ئاسانكاری بكا، پاڵپشتی بكات، پشتیوانی بكا، كەرتی تایبەتیش بڕوا و متمانەی بە حكومەتەكەی هەبێ بتوانێ وەبەرهێنان بكا و ئەم جۆرە پرۆژانە جێبەجێ بكا، خۆی سوودمەند بێ و خەڵكی كوردستانیش تێیدا سوودمەند بن. هەروەها ڕێگەیەكی ترە بۆ راكێشانی گەشتیارەكان لە دەرەوەی وڵات بۆ هاتنی ئێرە، هەم لە رووی بازرگانی و ئابوورییەوە یارمەتیی كوردستان بدەن، هەم لە رووی سیاسی و كلتوورییەوە، تێكەڵاوبوونێك لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ ئەو خەڵكەی سەردانی كوردستان دەكەن، دروست بكرێت.

ئەمانە هەمووی لەو جۆرە پرۆژانەن كە ئێمە لە سەرەتاوە، هەوڵی زۆرمان بۆیان داوە و زۆریشیان جێبەجێ كراون، ئومێدمان وایە بتوانین بەردەوام بین لەوەی كە لە زۆر شوێنی تریش ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین. لەو شوێنەی كە یارمەتیی ئیدارەی خۆجێیی هەبووە و پشتیوانی هەبووە، ئەم جۆرە پرۆژانە بە خێرایی پەرەیان سەندووە، بەڵام لە هەندێك شوێندا، بەداخەوە ئەم جۆرە هاوكارییە نەبووە. ئێمە ئومێدمان وایە بتوانین لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، پرۆژەی هاوشێوەی وەكوو ئەمە جێبەجێ بكەین، چونكە بەڕاستی كوردستان هەر شوێنێكی جوانی و تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە و دەكرێ پرۆژەی هاوشێوە لە هەموو شارەكانی كوردستان دروست بكرێت.
سوپاسی كۆمپانیای (ئەلكۆڤ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، كە دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان. ئەمە شوێنێكی دڵڕفێن و زۆر زۆر خۆش دەبێت كە خەڵك دەتوانن دوای تەواوبوونی ئینشائەڵا چێژی لێ وەربگرن، بەڵام ئەمە بەشێكە لە پرۆژەكە و هەمووی نییە. ئێمە چەندین شوێنی تریش وەكوو ماستەرپلان لەسەر گۆمەسپان ئامادە كراوە بۆ ئەوەی دواتر كۆڕنیش و چەندین شوێنی تر وەكوو ڕێستورانت و كافتریا و ئەوانەش دروست بكرێت. كەواتە حكومەت ئاسانكاری دەكا، ڕێگە ئامادە دەكا، دواتر ماستەرپلان ئامادە دەكا، ئەوەی تر لەسەر كەرتی تایبەت دەمێنێتەوە و لەسەر ئەو بازرگان و وەبەرهێنەرانە دەمێننەوە كە بتوانن بێن خۆشیان پرۆژەكانی خۆیان لەم جۆرە شوێنانە و ئەم جۆرە پرۆژانە جێبەجێ بكەن.
جارێكی دیکە دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەكەم كە دەوریان هەبووە و توانیویانە ئەم پرۆژەیە سەربخەن، ئینشائەڵا لە ماوەیەكی نزیكیشدا بتوانین بگەڕێینەوە بۆ كردنەوەی ئەم هۆتێلە بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

بەڕێزان:

هەندێك بابەتی تر هەبوون من حەزم دەكرد لە خزمەتی ئێوە باس بكەم، ئەویش لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە. لەوانەیە زۆركەس پرسیاریان هەبێت یانیش بەداخەوە بە جۆرێكی تر هەندێكجار شت چەواشە دەكرێن یان هەوڵی ئەوە دەدرێ بە جۆرێكی تر پەیامەكان بە خەڵك بگەن.
لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێمە و حكومەتی فیدراڵ، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی داكۆكی لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكەین، تا ئێستاش ئێمە خەریكین بۆ ئەوەی لەسەر بابەتی بودجە، لەسەر بابەتی هەموو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ حكومەتی فیدرال لە داڕشتنی بودجەی ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەكی بنەڕەتیش بگەینە هەندێك ئەنجام كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو عێراقدا بێت.
بەرامبەر بەمە، هەوڵێكی جددی هەیە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین، یاخود بەپێی دەستوور بتوانین مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین، لە لایەكی ترەوە بە پێچەوانەوە دەیانەوێ خەڵكیش چەواشە بكەن.
لێرە هەندێك ڕاستی هەیە كە حەز دەكەم خەڵكی كوردستان لێی ئاگادار بكەمەوە، هەمان ئەوانەی كە دژی هەڵمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەوەستن بۆ بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەولێر و حكومەتی بەغدا، هەمان ئەو كەسانە بوون كە پێشتر هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەبێت بە خاوەن دەستووری خۆی، ئەو كەسانە بوون لە چەندین مەجالدا هەوڵی جددییان دا كە پەرلەمانی كوردستان كارا نەبێتەوە، ڕێز لە هەڵبژاردن نەگیرا، سكاڵا لە دادگای فیدرالی كرا كە بۆ حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە و بۆ پەرلەمان كارا نەكراوەتەوە؟ دوای ئەوەی كە هەوڵی جددی درا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بۆ پاراستنی شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان كارا كرایەوە، دیسان هەمان ئەو کەسانە سكاڵایەكی تریان كرد، لەسەر ئەوەی کە بۆ پەرلەمان كارا كرایەوە! پێشتر دەیانگوت بۆ كارا نییە، ئێستا دەڵێن بۆ كارا كراوەتەوە!
كەواتە خەڵك دەبێ ئەم پرسیارە بكا، مەبەست چییە؟ ئایا مەبەست ئەوەیە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكرێ یانیش مەبەست ئەوەیە خزمەتی ئەجێندایەكی گوماناوی بكرێ كە قەوارەی هەرێمی كوردستان بخرێتە مەترسییەوە؟ ئێمە بە هەموو هەوڵی خۆمان، بە هەموو توانای خۆمان، لەگەڵ ئەوەین قەوارە و شەرعیەتی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، شكور بۆ خوا دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان، شەرعیەتی موئەسەساتی هەرێمی كوردستان ئێستا پارێزراوە.

باشترین ڕێگە، ڕێگەی دیموكراسیی و ئاشتییە كە بتوانین لە ڕووی سیاسییەوە ڕكابەرایەتی یەكتر بكەیت، كە مومارەسەی دیموكراسیەت دەكەی، ئەو وەختە لایەن هەیە بوختان دەكا و دەڵێ خۆسەپێنەرن، ئایا ئەوەی زۆرینەی دیموكراسیەتی لایە خۆسەپێنەرە یانیش ئەوەی بە ئەجێندایەكی گوماناوی، بە دەنگێكی دۆڕاو بیەوێ ڕێگە لە پێشكەوتنی كوردستان بگرێ؟! كامەیان خۆسەپێنەرە؟ دیموكراسیەت خۆسەپاندن نییە، دیموكراسیەت و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵك، ڕێزگرتن لە دەنگی زۆرینەی خەڵك، خزمەتكردنە بە قەوارەی هەرێمی كوردستان، خزمەتكردنە بە گەلی كوردستان.

ئێمە بە كردەوە ، ئیسپاتمان كردووە بەوەی كە چەند توانیومانە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین.
سەرەڕای ئەوەی كە هەمیشە بۆ هەموو پرۆژەیەكیش، ڕێگری هەبووە، بەربەست هەبووە، نەیانهێشتووە پرۆژەكانی ئێمە لە كاتی خۆیدا وەكوو پێویست بە ئاسانی بەڕێوە بچن، پرۆژەی (ڕووناكی) بگرە، پرۆژەی (هەژماری من) بگرە، هەر یەكێك لەو پرۆژانە، دروستكردنی ڕێگەوبانە، دروستكردنی خزمەتی دیجیتاڵییە، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ شار و شارۆچكە و دێ و لادێكان، لە هەموو ئەو پرۆژانە ڕێگری هەبووە، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە ئەو پرۆژانە سەربخەن، شكور بۆ خوا سەریشكەوت. بەڵام دیسان هەوڵی جددی دەدرێ بۆ ئەوەی ئەم پرۆژانە دووچاری شكست بكەنەوە.
لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە هەوڵێك هەیە بۆ دابەشكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، من لێرەوە دەتوانم بە ناوی هەموو خەڵكی كوردستان ئەو قسەیە بكەم كە هەرێمی كوردستان دابەش ناكرێت. زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری سلێمانی دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ و داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتیی خەڵكی سلێمانی بكەن، پاڵپشتیی ئەو هەڵمەتە بكەن كە دەبێ قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو و یەكگرتوو و بەهێز بمێنێتەوە.
ئێمە بە هەموو توانای خۆمان لەگەڵ خوشك و براكانمان دەوەستین، پارێزگاریی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و لە قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەین و نایەڵین هیچ ئەجێندایەك، جارێكی تر كوردستانمان دابەش بكات.

بەڕێزان:
من دەزانم هێشتا گرفت هەیە، من دەزانم خەڵك باس دەكا، بۆچی مووچە دوادەكەوێ؟ یان نییە؟ نەوت نییە، یان كەمە، یان نرخی زۆرە؟ بەڕێزان لەسەر ئەم بابەتە دڵنیا بن هەوڵێكی زۆر هەبووە لە ماوەی ئەو ساڵانەی رابردوو كە مووچە بچێتەوە دەست حكومەتی فیدرال، كەرتی وزە بكەوێتە دەست حكومەتی فیدرالی، دابەشكردنی نەوت لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنێت، هیچ یەكێك لەو شتانە لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نەمێنن و بەڵێنیان بە خەڵك دەدا ئەگەر حكومەتی هەرێم بەرپرس نەبێت لە دابەشكردنی مووچە و دابەشكردنی نەوت، ئەو وەختە هەموو شت ئاسایی دەبێتەوە!
ئێستا پرسیار بەرامبەر بەو كەسانە ئەوەیە، ئایا كە ئێوە هەموو هەوڵێكتان دا و لە هەموو دەرگایەكتان دا بۆ ئەوەی مووچە و نەوت و وزەی خەڵكی كوردستان بكەوێتە دەستی خەڵكی تر، ئێستا كە نییە، گلەیی لە كێ دەكەن؟ ئەمە دەستكەوتی خۆتانە، خۆتان ئەمەتان داوا كرد. ئێستا ئەگەر مووچە دوادەكەوێ، ئەگەر نەوت نرخی بەرزە، یان ئەگەر كێشەیەك بۆ خەڵكی كوردستان دێتە پێشەوە و وەكوو پێویست خزمەتگوزاری ناكرێت، كێ بەرپرسە؟ با جورئەتی ئەوەیان هەبێت بێن بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان جارێكی تر بڵێن ئێمە ئەو هەڵەیەمان كرد و داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان بكەن.
ئێمە بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان، بەردەوام دەبین لە دەستەبەركردن و مسۆگەركردنی مووچەی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەمە كافی نییە. ئێمە تەنیا بەوە ڕازی نین مووچە بدرێ، بەڵکوو دەمانەوێ وڵاتی ئێمە پێش بكەوێ، بەهێز بێ، كوردستان یەكگرتوو بێ، كوردستان ببێ بە دەروازەیەك بۆ پێشخستنی هەموو عێراق و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو پرۆژانەی كە ئێمە هاوشێوەی ئەمەی كە ئەمڕۆ دەیكەین ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی كوردستان ببێ بەو شوێنەی هەموو خەڵك چاویان لێبێ، نەك چاوی پێی هەڵنەیەت، دەبێ چاو لە كوردستان بكەن بۆ ئەوەی هەموو وڵاتی ئێمە بە شێوەیەکی یەكسان بەرەو پێشەوە بچێ و ئاوەدان بكرێ.
جارێكی تر سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، سوپاسی ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە ئەم پرۆژانە جێبەجێ دەكەن، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیش هەر بەهێز و یەكگرتوو و ئاوەدان بمێنێتەوە.

زۆر سوپاس.