لە هەولێر ... ڕێزلێنان پێشكەش بەدوو هونەرمەندی دیاری شارەكە كرا
لە هەولێر ...
ڕێزلێنان پێشكەش بەدوو هونەرمەندی دیاری شارەكە كرا
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.11.23، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری، نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و دۆستانی هونەر، لە بارەگای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان/ لقی هەولێر و لە ژێر دروشمی ( تەمەنێک لە بەخشش )، مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ هەردوو هونەرمەندی دیار و بەئەزموونی شاری هەولێر (ڕزگار ئەحمەد و نەجمەدین بابەکر) بەڕێوەچوو.
لە میانی مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕاییی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان بۆ بەردەوامییان لەم نەریتە جوانە و بەسەرکردنەوەی هونەرمەندان لە ژیانی خۆیاند، هاوکات تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری هونەرمەندان لە کۆمەڵگەدا و جەختی کردەوە کە هونەرمەندان هەمیشە پێشەنگ بوون لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، زیندووڕاگرتنی کولتووری ڕەسەن، و خزمەتکردنی دۆزی گەلەکەیان، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هونەرمەندانی وەک (ڕزگار ئەحمەد و نەجمەدین بابەکر) سامانێکی نیشتمانین و شایستەی هەموو جۆرە ڕێز و پشتیوانییەکن لەلایەن حکومەت و دامەزراوەکانەوە.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، باس لە وێستگە گرنگەکانی ژیانی هونەری هەردوو هونەرمەند کرا و لە کۆتاییشدا، خەڵات و قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە هەردوو هونەرمەند و هیوای تەندروستی و تەمەندرێژییان بۆ خواسترا.