هەولێر …. گەلەریی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور لە کۆڵانی عارەبان کرایەوە
هەولێر ….
گەلەریی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور لە کۆڵانی عارەبان کرایەوە
ئێوارەی دووشەممە، 23.11.2026 بە ئامادەبوونی مەلامستەفا بارزانی،ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، باراڤ بارزانی دامەزرێنەر و سەرۆکی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، و ژمارەیەک لە کونسول و نێردەیی دبلۆماسی و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەو کەسایەتی و هونەر دۆستان، گەلەریی نۆژەنکراوەی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور (KCAC) لە کۆڵانی عەرەبان کرایەوە.
لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا، یەکەمین پێشانگای هونەرمەند سیروان باران لە هەرێمی کوردستان، بە ناونیشانی «هێڵی ٣٦» کرایەوە، کە کۆمەڵێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندەی لەخۆ گرتبوو، بە رەنگ و هێڵ گوزارشتی لە ژمارەیەک باس و بیرو چیرۆک کردبوو .
هەر لە پەراوێزی ئەم رێورەسمەدا ئیڤێنتێکی کولتووری پێشکەشکرا ، کە دەرخەری کارو بەرنامەی ناوەندەکەی لە خۆ گرتبوو .
کردنەوەی ئەم گەلەرییە بەشێکە لە پڕۆژەی فراوانی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، بۆ بووژاندنەوەی کۆڵانی مێژوویی عەرەبان و گۆڕینی بۆ یەکەمین ناوچەی کولتووری لە هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوە و بەکارهێنانەوەی چوار خانووی کەلەپووری لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە گەلەریی عەرەبان بۆ پیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکان، ماڵی دەستنووسەکان بۆ پاراستن و پیشاندانی ئەرشیف و بەڵگەنامە مێژووییەکان، هەروەها دوو ناوەندی فێربوون بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای کەسایەتی و کادیرانی کەرتی کولتووری و هونەری.
ئەم هەنگاوە بە گرنگ دادەنرێت لە پەرەپێدانی ژینگەی هونەری و کولتووری، پاراستنی کەلەپووری مێژوویی و زیندووکردنەوەی ناسنامەی شارستانیی هەولێر .