لە هەولێر، دەست بە چاندنى یەک ملیۆن داربەڕوو کرا

لە هەولێر، دەست بە چاندنى یەک ملیۆن داربەڕوو کرا

یەکشەممە 2021.12.5، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کونسڵ و نوێنەرانى بەشێک لە وڵاتان و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەکى لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەزگاى ڕوانگە، هەڵمەتی فراوانی چاندنى یەک ملیۆن داربەڕووى لە هەولێر دەست پێکرد.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، لەبارەى دەستپێکردنى ئەم هەڵمەتە وێڕاى دەست خۆشى لە دەزگاى ڕوانگە، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە سەوزایی و چاندنی دار بكەین بەکەللتور و بەشێک لەژیانى هاوڵاتییان، تاوەکو بتوانی هەوایەکی پاک و شارێکی جوان ببینین و لەمەترسیەکانى کاریگەرییەکانى کەش و هەوا بەدووربین.
پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی لەشارى هەولێر تیشکى خستەسەر ئەوەى کەبەداخەوە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووین بەو ڕێژەیەی کە پێویستەمانە، هیوادارین لەچەند ساڵی داهاتوودا ئەو ڕێژەیە بەرزبکەینەوە و بیگەێنین بەستانداردی جیهانی، ئەوەش تەنهاو تەنها بە هاوکاری خەڵک دەکرێت، بۆیە هیوادارین هاوڵاتییان هاوکار و هەماهەنگن بن لەچاندنى نەمام و پارێزگارىیکردن لەو نەمام و دارانەى دەچێنرێن تاوەکو شارەکەمان بەزیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و دار جوانتر بکەین.