پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە بەرپرسی نووسینگەى عێراقى ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە بەرپرسی نووسینگەى عێراقى ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO کرد

دواى نیوەڕۆى چوارشەممە 2021.12.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە د.ئه‌حمه‌د زوه‌یتن، بەرپرسی نووسینگەى عێراقى ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO و شاندێکى یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO سوپاسی پارێزگارى هەولێرى کرد و کارەکانی پارێزگاى هەولێر و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کۆڕۆنای بە گرنگ وەسف کرد و ستایشی ڕۆڵى پارێزگاى هەولێرى کرد و جەختی لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن کردەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسی ڤایرۆسى کۆرۆنا، هەروەها دەستخۆشی لە تەندروستی هەولێر و پزیشکان و کارمەندانى کرد بۆ ئەو ڕێکار و کارانەی له‌ هه‌ولێرى پایتەخت بەرانبەر بە ڤایرۆسى کۆڕۆنا ئەنجامیان داوە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر، سوپاسی پاڵپشتی و هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO و تیمەکانى کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزاری تەندروستی لەهەولێرى پایتەخت و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. دڵنیای کردنەوە کە ڕاسپاردەکانی WHO بەهەند وەردەگیرێت و لەکاتى هەڵکشانی کۆڕۆنا پاڵپشت بە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوى ناوبراو ڕاسپاردە و بڕیارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکران.