پارێزگارى هەولێر، لەگەڵ زۆربەى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی شارى هەولێر کۆبۆوە
سێشەمە 2021.11.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولیر، لەدیوانى پارێزگا لەگەڵ زۆربەى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی شارى هەولێر کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەرى EJCC/ پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوو، سەرەتا پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە بەرنامەى کار و ستراتیژیەتى کارەکانى پارێزگاى هەولێر کورتە باسێکى پێشکەش کرد و پاشان ڕایگەیاند: "ئەگەرچی لەگەڵ هەر یەکێک لە ئێوەى بەڕێز لەپێشوتردا دیدارمان هەبووە، بەڵام دەمێک بوو بە نیازى ئەنجامدانى ئەو دیدارە هاوبەشە بووین کە بەهۆى کۆرۆنا و ڕێکارەکانى خۆپارێزى لەم پەتایە کاتەکەی دواخرا، ئەمڕۆش وێڕاى ئەوەى ڕۆڵى ئێوەی ڕێکخراوەنێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بەرز دەنرخێنین بۆ هەموو ئەوکار و پڕۆژانەى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامتان داوە، دووپات لەوەدەکەینەوە وەکو پارێزگاى هەولێر هەمیشە هاوکار و هەماهەنگتان دەبین، هەروەها تەئکیدى لەوەدەکەینەوە بۆ ڕێکخستن و دانانى پلانێکى تۆکمە و بەرنامەیەکى هاوبەش لەنێوان ئێوە و پارێزگا، دەخوازین پڕۆژەکانتان لەڕێگەى EJCC/ پارێزگاى هەولێرەوە بێت".
سەبارەت بەو لافاوەش کە لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردو بەشێکى شارى هەولێرى گرتەوە و بەهۆیەوە بەشێک لە هاوڵاتییان زەرەر و زیانێکى زۆریان بەرکەوت، پارێزگاری هەولێر ئاماژەى بەوەدا کە تیمەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولیر و دەزگاى خێرخوازى بارزانى و لقى هەولێرى مانگى سوورى عێراقى، هەر لەسەرەتاى ڕووداوەکەدا ڕۆڵێکى بەرچاوو و دیاریان هەبوو بۆ بەهانەوەچوون و یارمەتیدانى هاوڵاتییان وتی: " ئەم ڕووداوە لەگەڵ قەبارەى گەورەی زیانەکانى، بەڵام سوپاس بۆ خوداى گەورە کەهیچ زیانێکى گیانى نەبوو، ئێمە ئێستا لە قۆناغێکى دیکە داین لەم ڕووداوە ئەویش قۆناغى دواى ڕووداوەکەیە، بۆیە پێیوستمان بەوە هەیە هەموولایەک هاوکار و هەماهەنگمان بن بۆ یارمەتیدان و هاریکاریکردنى لێقەوماوان و زیانلێکەتووان، دەخوازین ئێوەش لەنێو ستراتیژ و بەرنامەى کارى خۆتاندا ڕۆڵتان هەبێت بۆ بەهانەوەچوونى لێقەوماوان".
لەکۆتایدا لەلایەن ئامادەبووانەوە وێڕاى سوپاسکردنى پارێزگارى هەولێر بۆ ڕێکخستنى ئەو دیدارە هاوبەشە، هەمووان تەئکیدیان لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگى و هاوکاریکردنى زیاترى پارێزگاى هەولێر کردەوە.