بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و پارێزگار و کۆنسڵى گشتیى ئەمریکا، چەند بەشێکى گرنگ لە نەخۆشخانەى ڕزگارى شارى هەولێر کرایەوە

بەئامادەبوونى وەزیرى تەندروستى و  پارێزگار و کۆنسڵى گشتیى ئەمریکا، چەند بەشێکى گرنگ لە نەخۆشخانەى ڕزگارى شارى هەولێر کرایەوە

دووشەمە 2021.11.8، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و رۆبەرت پالەدینۆ، کۆنسڵى گشتیى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە پزیشکان و بەڕێوەبەر و کارمەندانى تەندروستى، لەچوارچێوەى پەرەپێدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەڕێورەسمێکدا نۆڕینگەی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک و ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە و بەشی تاقیگەى بایەلۆژى دواى نۆژەنکردنەوەى لە نەخۆشخانەى ڕزگارى شارى هەولێر کرایەوە.
لەوبارەیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى سوپاسى بۆ وەزیر و وەزارەتى تەندروستى و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستیى و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە بۆ کردنەوەى ئەم بەشانە، سوپاسى کونسڵخانە و وەزارەتى دەرەوە و وەزارەتى بەرگرى ئەمریکاى کرد بەتایبەتى لە نۆژەنکردنەوەى تاقیگەى بایەلۆژى نەخۆشخانەکە، ڕاشیگەیاند: "نەخۆشخانەى ڕزگارى لەشارى هەولێر یەکێکە لەو شوێنە گشتیى و خزمەتگوزارییە گەورانەى کە ڕۆژانە خزمەت بە هاوڵاتییان و چارەسەرکردنى نەخۆشان دەگەێنێت، کردنەوەى ئەم بەشانەش یەکێکى ترە لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە تەندروستییانەى مەبەست لێى خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیانە، بۆیە وەکو پاریزگاى هەولێر لەڕیگەى بەڕێوەبەرایەتى گشتیی تەندروستى هەولێر پشتیوانى لە هەر پڕۆژەیەکى خزمەتگوزراى تەندروستى دەکەین کە خزمەت بە باشترکردن و بەرەوپێشبردنى کەرتى تەندروستییە و دۆخى نەخۆشخانە و بنکەکانى تەندروستییەکانى شارەکەمان بکات".