هەولێر… پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پڕۆژە کەلتوورییەکان کرد

هەولێر… پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پڕۆژە کەلتوورییەکان کرد

هەولێر…
پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پڕۆژە کەلتوورییەکان کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22.11.2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازی لە ئێمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتی فەڕەنسا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، بەخێرهاتنی کونسوڵی گشتیی نوێی کرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد، هەروەها جەختی لە قووڵی و مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایەن لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، ئەمنی، فەرهەنگی و هونەری کرد.
لە بەشێکی گرنگی گفتوگۆکاندا، هه‌ردوولا باسیان له‌ دامەزراوە و پڕۆژە هاوبەشەکانی هەولێر و فەڕەنسا کردو جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتر و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی پەیوەندییە کەلتوورییەکان و دامەزراوە هاوبەشەکان کرا، لەوانە پەیمانگا و قوتابخانەی فەڕەنسی، ئەنستیتۆی کوردی لە پاریس، ماڵی پاریس لەسه‌ر قەڵاتی هەولێر و پەیوەندیی دەستەخوشکایەتی نێوان هەولێر و پاریس، هەروەها ئەندامێتی هەولێر لە کۆمەڵەی فرانکۆفۆنی؛ ئەو دامەزراوانەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی کەلتووری و مرۆیی نێوان هەردوو لایەن هەیە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کە فەڕەنسا وەک هاوپەیمانێکی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئەوروپا و جیهاندا، لە بوارە جیاوازەکاندا پەیوەندی و هەماهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر هەیە و پەرەپێدانی ئەم هاوکارییانە دەتوانێت هەلی نوێ بۆ هاوبەشی و کارکردنی هاوبەش بخاتە ڕوو.
لە بەرامبەردا، کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد و بەهای بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی پارێزگای هەولێر لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا دانا. هەروەها سەرسامی خۆی بە پێشکەوتن و ئاوەدانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.