بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر دەستنیشانکرا

بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر دەستنیشانکرا

سێشەمە 2021.11.9، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەبەزعەبدولحەمید قائیمقامی ناوەند، دەستەی کارگێڕیی یانەی ھەولێر، لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا دوای هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ، د. وەلید عارەب، وەک سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر دەستنیشانکرا.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای پیرۆزبایی لە وەلید عارەب و دەستەی نوێی کارگێڕیی یانەی هەولێر، دووپاتیکردەوە کە متمانەیان بەو کۆمەڵە لاوە هەیە، درێژە بدەن بە خزمەتکردنی یانەی هەولێر.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی "ئێمە لە ڕوانگەی فەڕەنسۆ هەریرییەوە سەیری یانەی هەولێر دەکەین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی یانەی شارەکەمان".
ئومێد خۆشناو، دەستخۆشیی لە د.عەبدوڵلا مەجید، سەرۆکی پێشووی یانەی هەولێریش کرد، کە ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی ئەو یانەیە و ئەو شارەیەی کردووە.
جێگەی باسە، پۆستەکانی دەستەی نوێی یانەی هەولێر، بەکۆی دەنگ بەمشێوەیە دابەشکرد:
- د.وەلید عارەب، سەرۆکی یانە
- سەڵاحەدین سیامەند، جێگری یەکەمی سەرۆک
- محەمەد خۆشناو، جێگری دووەمی سەرۆک
- د.تەھا قادر، سکرتێری یانە
- ئاڵا دێدەوان، ئەمینداری دارایی
- (ئەحمەد شکور، دیدار حامد، موەفەق یونس) ئەندام.