بەسەر پەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا
سێشەمە 2021.11.9، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەندامانی لێژنە، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆیەکان ئەنجامدرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، باس لەیاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 کە تایبەتە بەهەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019 کە یاسای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانە لەسنووری شارەوانییەکان کرا و بڕیاردرا دیراسەی ووردی یەکە یەکەی مادە و بڕگەکانی بکرێت.
لەتەوەرێکی تردا، کۆبوونەوە جەختی لەسەر ئاسانکاریکردن بۆ هاوڵاتییان لە جێبەجێکردن و ڕایکردنی مامەڵەکانییان کردەوە و بڕیاری سەرلەنوێ پێکهێنان و داڕشتنەوەی لێژنەی باڵای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان لەسەنتەری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزا و ناحییە و لێژنە لاوەکییەکانی شارەوانییەکاندا.
هەروەها کۆبوونەوە بڕیاریدا لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگاداری هاوڵاتییان بکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان و داواشی لە شارەوانییەکان کرد زەوی پێویست ئامادەبکات بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی کە خانووەکانیان لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێت، لەوبارەیەشەوە جەخت لە(تخطيط عمراني) کرایەوە بۆ تەواکردنی نەخشەی کەرتی ئەو شوێنانەی نەخشەیان نییە.
لەکۆتایدا، باس لە زێدەڕۆییەکانی کەرتی پێنجی حەسارۆک کرا و بڕیاردرا بەکردنەوەی دۆسیە بۆ یەکەیەکەی خانووەکان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.