پارێزگاری هەولێر، له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر كۆبۆوه‌

پارێزگاری هەولێر، له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر كۆبۆوه‌

پێنجشەمە 2021.11.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتى ئابووری و بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دۆخی بازاڕ بەگشتی، بەئامادەبوونى نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى و بەڕێوەبەرى گەشەپێدانى پیشەسازى و جێگرى بەرێوەبەرى گشتیى گومرگ و بەرێوەبەرى کۆمەڵگەى سنوورى حاجى ئۆمەران و بەڕیوەبەرى خۆراک و دانەوێڵە، لەگەڵ سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی و ده‌سته‌ى كاگێرى و ئه‌ندامانى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هەولێر و نوێنەرانى ژوورى بازرگانى شارەکانى ترى هەرێم و موسڵ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر، تیشكی خسته‌سه‌ر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دۆخی بازاڕ و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ كێشە ئابووری و بازرگانییەکان، لەوبارەیەشەوە ڕایگه‌یاند: "ماوەیەک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکى ترمان ئەنجامدا و گوێمان لەگلەیی و پێشنیار و داخوازییەکاننتان گرت، سەرجەم داواکارى و خواستەکانتان گەیشت بە ئەنجومەنى وەزیران و ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆش هاتووین بۆ ئەوەى هەموو ئەو کێشە و گرفت و بەربەست و کۆسپانەى هەن چارەسەربکەین و بەهەموو لایەک ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لەشارەکەمان ببوژێنینەوە و بەهێزى بکەین، ئامانجی ئێمە لە حکومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێر ئەوەیە پارێزگارى لە کار و کەسابەتى هاوڵاتییان و کارئاسانى و پشتیگریکردنى بازرگانان بکەین، لەوبارەیەشەوە وه‌كو پارێزگای هەولێر، هەموو هەولێکی خۆمان خشتۆته‌گه‌ڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لەشارەکەمان و ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانان بکەین تاوەکو ڕۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەهەولێرى پایتەخت".
له‌كۆتایدا، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی باری ئابووری و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە ئابووری و بازرگانییەکان بەئامانجى پێشخستی زیاترى بازرگانى و پیشەسازی، پارێزگارى هه‌ولێر، دووبارە جەختى له‌ هه‌موو پاڵپشتی و هاوکارى و هەماهەنگیه‌كى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ بازرگانان كرده‌وه‌ بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی لەسنوورى پارێزگاى هەلێر.