پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەسەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەکاری و شاندێکی یاوەریکرد
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە سەروەت تاش، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەکاری و شاندێکی یاوەری کرد.
لەدیدارەکەدا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەکاری سوپاس و ستایشی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییەی گەرمەی کەلێیانکرا و جەختی لەپتەوکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: هاتووین، تاوەکو ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک نیشان بدەین لەگەڵ پارێزگای هەولێر".
لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەکاری و شاندی یاوەری، تەئکیدی لە پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوانیان کردەوە و هیوای سەرکەوتنی لەکارەکانیان بۆ خواستن و ئاماژەی بەوەدا، ئێوە لەماڵی خۆتانن، وەک پارێزگای هەولێر ئامادەین لەچوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان هەر هاوکاری و ئاسانکارییەکتان پێشکەش بکەین و ئەوەش بەئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین".
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری زێتێ، وەك یەكەمین دەروازەی سنووری هەولێر لەگەڵ وڵاتی توركیا، بەمەبەستی دەستکردن بە جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لەو سنوورە کرا.
جێگەی باسە لە ساڵی 2014 بڕیاری كردنەوەی دەروازەی سنووری زێتێ، لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر لەنێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و توركیا درا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، كارەكانی وەستێنران،
دەروازەی سنووری زێتێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە دووری 150كم لە باكووری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت، بەكردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە وێڕای فراوان بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەردوولا، ئابووری دانیشتوانەكەی دەبوژێتەوە و ئاوەدانی زیاتریش روو لەناوچەكە دەكات.