بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، كونسڵخانه‌ى هیندستان لەهەولێر یادى 75 ساڵەى سەربەخۆیى وڵاتەى کردەوە

بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، كونسڵخانه‌ى هیندستان لەهەولێر یادى 75 ساڵەى سەربەخۆیى وڵاتەى کردەوە

شەمە 2021.11.13، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سوبهاش کەین، کونسڵى گشتی هیندستان لە هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و نوێنەرى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم، کونسڵخانەى هیندستان لەهەولێر بە بۆنەى 75 ساڵەى ڕۆژى سەربەخۆیی وڵاتەکەى، لەپارکى شەهید سامى عەبدولڕەحمان هەڵمەتى چاندنی 75 نەمامى بەمبۆنەیەوە ئەنجامدا.
پارێزگارى هەولێر ویڕاى پیرۆزبایی بەبۆنەى 75 ساڵەى سەربەخۆیی وڵاتەکەیان لە گەل و حکومەت و کونسڵخانەى وڵاتى هیندستان لەهەولێر، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو چالاکیانەى بەمبۆنەیەوە ئەنجامدراون بە خۆشحاڵییەوە بەشدارین لەم هەلمەتەدا، لێرەشەوە تەئکید لەوەدەکەینەوە ئەو هەماهەنگییەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتان هەیەتى كه‌ ڕۆژ دواى ڕۆژ لەبەروپێشچووندایە و ژمارەى کونسڵ و نوێنەرى وڵاتانیش لەزیادبوون دایە، بەردەوامى و پەرەى زیاترى پێدەدەرێت، کونسڵخانەى هیندستانیش لەهەولێر لە ماوەى ڕابردوودا بەسوپاسەوە کارئاسانى زۆریان بۆ هاولاتییانى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە لەچونیان بۆ وڵاتەکەیان و وەرگرتنى چارەسەرى تەندروستى، لەبەرامبەریشدا حکومەتى هەرێمى کوردستان هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە لەگەڵیان کە لەئێستادا دەبینین ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتییانى هیندستان لەهەرێمى کوردستان لە کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت و شوێنە جیاوازەکاندا کاردەکەن، بوونى پەیکەرى غاندیش لەنیو پارکی شەهید سامى عەبدولرەحمان ئەوەش خۆى لەخۆیدا دەلالەت و مانایەکى گەورەیە بۆ ئەو پەیوەندییە تۆکمەیەى لەنێوان هەردولاماندا هەیە، بۆیە دووبارە جەخت لەوەدەکەینەوە کە ئەو پەیویوەندی و هەماهەنگییەى لەنیوانماندا هەیە پەرەى زیاترى پێدەدەین بەمەبەستى خزمەتکردنى زیاترى هاولاتییانى هەردولامان".