سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرەگشتییەکان کۆبوونەوە
یەکشەمە 2021.11.14، بەسەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونى ئەندازیار عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردن و باشتر بەڕێوەچوونى کارەوبارى هاوڵاتییان و نەهێڵانى ڕۆتین و ڕایکردنى مامەڵەکانیان لە دام و دەزگا حکومیەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەو هەنگاو و کارانە کرد کە لەبەرنامەدان بۆ خزمەتکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتییانی هەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى، دواتر تیشک خرایەسەر ئەوەی پێویستە لە مەودوا بەهەستکردن بە بەرپرسیارییەتى زیاتر لە چوارچێوەى ئەو دەسەڵاتانەى بەپێى یاسا دراوە بە بەڕێوەبەرانى گشتیى، هەریەکە و لە شوێن و پێگەى خۆیەوە دەسەلاتەکانى خۆى بەکاربهێنێ و بەردەوامی بەکارەکان بدات، لەوبارەیەشەوە سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، ئامادەیی هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکى نیشاندا.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، باس لە کەمکردنەوەى ڕۆتین لە فەرمانگە و دام و دەزگا حکومیەکانی سنوورى پاریزگاى هەولێر کرا و تیشک خرایە سەر ئەوەى کە دەبێت لەسەرجەم بەڕیوەبەرایەتیە گشتییەکان و فەرمانگەکان ڕۆتین کەمبکرێتەوە و بەوپەڕى رێزگرتن لەهاوڵاتییان هەرچى ئاسانکارییە لە ڕایکردن و جێبەجیکردنى مامەلەکانیان پێشکەشیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکى تایبەت پێکهێنرا بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردن و چارەسەرکردنى کەمکردنەوەى ڕۆتین و سەرجەم ئەو کێشە و گرفتە و کەم کوڕییە ئیدارى و یاسایی و داراییانەى کە هەن لە دامەزراوە و فەرمانگە حکومیەکانی سنوورى پاریزگاى هەولێر.
لەکۆتایشدا دوای گفتوگۆ و خستنە ڕووى داواکارى و دابینکردنى پێداویستیەکان بەمەبەستى باشتر بەڕێوەبردنى کارەکان، کۆبوونەوە گەیشتە چەند بڕیارێک.