بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، تایبەت بە پرسى کۆچ و کۆچبەران کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا
سێشەمە 2021.11.16، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC و بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێرى و پەرەپێدانى کۆمەڵایەتى هەولێر و نوێنەرى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرێوەبەرانى EJCC و کاروبارى ناوخۆى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى دۆخی ئەو كۆچبەرە کوردانەى لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەرز نرخاندنى ڕۆڵى ڕێکخراو نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى UN لە هەماهەنگى و هاوکارى و هەموو ئەو کارانەى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لەبارەى کەمپەکانى ئاوارە و پەنابەرانەوە ئەنجامیانداوە بەرز نرخاند و تەئکیدى لەسەر پەرەپێدانى زیاترى پەیوەنەدییەکانى نێوان پارێزگاى هەولێر و ڕیکخراوە نێودەوڵەتى و ئاژانسەکانى UN کردەوە، پاشان تیشکى خستە سەر پرسى کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەتى ئەو کۆچبەرە کوردانەى کە لەسنوورى نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیرایانخواردووە و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی سەختى ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان راگەیاند و وتى: "پێویستە بەهەموو لایەکمانەوە بەشێوەیەکى زانستى له هۆكارهكانی كۆچكردن بكۆڵینهوه و بەهەماهەنگى بەرێوەبەرایەتى کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەرووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر EJCC، ڕاپۆرتێک ئامادەبکەین و لەو راپۆرتەشدا دهخوازین شوێن پەنجە UNHCR و IOM و ETTC پێوە دیار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەکو پاریزگاى هەولێر و هەموو فەرمانگە حکومییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر هاوکار و هەماهەنگ دەبین".
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانەى کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵندا گیریانخواردووە و هەموو ئەوانەشى لەوڵاتانى ترن و خواستیان لەسەر گەڕانەوەیە و بەبێ ئەوەى هیچ کەسێک بە زۆر ناچار بە گەڕانەوەیان بکات، ڕایگەیاند: "حكومهتی ههرێمی كوردستان لهخهمی ئەو كۆچبهراندایه و نیگەرانە لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە کوردانە و ههموو ئهوانهشی کە ئێستا لە سەر سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، ئێمە ھەڵگری ئازارەكانی ئەوانین، لەھەوڵى بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنى كێشەكانیان، باشکردنی دۆخی ئەوکۆچبەرانە، بەرپرسیاریەتی ههموو لایەکمانە و دەبێت ڕێگە لەوە بگرین و چیتر نەهێڵین هاوڵاتییانى ئێمە لەلایەن قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ و چهند تۆڕێكی دهرهكی فریوبدرێن، بۆیە داواکارین لە گەڵ ئێوەى بەڕێز کار لەسەر ئەوە بکەین و سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هاووڵاتییانەمان ببپارێزین".
لهلایهن خۆیانهوه هەریەک لە بەرپرسانى UNHCR و IOM و ETTC ، ئامادەیی هەموو هاوکارى و هەماهەنگییەکیان لەوبارەیەوە لەگەڵ پارێزگارى هەولێر و پارێزگا نیشاندا و تەئکیدیان لەوەکردەوە کە هەرچی لەتوانای ئەواندابێت درێغى لێناکەن.