لەهەولێر، لێژنەیەک پێکهێنرا بۆ چۆنیەتى چارەسەرکردن و داڵدەدانی سەگە بەرەڵاکان
چوارشەمە 2021.11.17، بەمەبەستى چۆنیەتى چارەسەرکردن و دروستکردنى پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی سەگە بەرەڵاکان و کەمکردنەوە و نەهێڵانییان لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر و ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى هەولێر و خزمەتگوزارى و ژینگە پارێزى ئامادەی بوون، تیشک خرایەسەر ئەوەى دیارەدەى بڵاوبوونەوەى سەگە بەڕەڵاکان لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانییە و دوورخستنەوەیان خواست و داواکاریی هاووڵاتیانە، هەروەها لەڕووى تەندروستیەوە بوونى ئەو ئاژەڵە بەرەڵایانە هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەوەکرایەوە بۆ رێگرى لەم دیاردەیە، ئەگەرچى لەئێستادا لە شاری هەولێر شەڵتەرێک هەیە بەڵام ئەو شەڵتەرە بچووکە و بەرگەی ئەو هەموو سەگە ناگرێت و پێویستە هەموو سەگە بەڕەڵاکان لە شوێنێکى فراوانتردا پەناگەیەکى تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و لە دەرەوەى شارە کۆبکرێنەوە.
لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە بڕیاردا لێژنەیەکى تایبەت پێکبهێنرێت و ئەم لێژنەیە لەماوەى دوو هەفتەدا دەست بکەن بە ئەنجامدانى هەڵمەتێک وەک قۆناغی یەکەم بەگرتن و کۆکردنەوەی بەشێک لەوسەگانە و ڕەوانەکردنیان بۆ ئەو شلتەرەى لەئێستادا بوونى هەیە لەشارى هەولێر، تاوەکو دەستنیشانکردنى شوێنێکى ترى فراوان و دروستکردنی شەڵتەرێکی دیکەى گەورەتر بۆ کۆکردنەوە و داڵدەدانی سەگە بەرەڵاکان.