پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە بەرپرسى لقی23ی قەرەچوغی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکى یاوەرى كرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە بەرپرسى لقی23ی قەرەچوغی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکى یاوەرى كرد

چوارشەمە 2021.11.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازیکرد لە کرمانج عەبدوڵا، بەرپرسى لقی23ی قەرەچوغی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکى یاوەرى کە پێکهاتبوون لە کارگێڕ و ئەندامانی لق.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کرا و تیشک خرایە سەر داوا و داخوازی هاوڵاتییانى سنوورى قەزایی مەخموور و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی لەدەڤەرەکە و لە پێناو خزمه‌تكردنى زیاترى هاوڵاتییانی جەخت لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوولا کرایەوە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، باسى لە گرنگی دەڤەری قەرەچوغ و مێژووی ئەوسنوورەی کرد و تەئکیدی لەوەکردەوە لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و دەستی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە بەوناوچەیە. هەروەها وتی: "مەخموور و قەرەچوغ و قەراج و کەندێناوە لاى ئێمە گرنگى خۆی هەیە و دەمانەوێت لەو سنوورەدا ئەوپەڕی خزمەتگوزارى و خزمەت پێشکەش بە خەڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بکەین کە قوربانییەکی زۆریانداوه‌، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییانی ئەو سنوورە و سەرجەم دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەشمان ئامانجی ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاى هەولێر خزمەتکردن و گەیاندنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانە بەشێوەیەکی یەکسان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەستی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە".
لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسی لقی23ی قەرەچوغی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندى یاوەریان، وێڕای سوپاسیان بۆ پارێزگاری هەولێر، تەئکیدیان لە هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی لەگەڵ پارێزگای هەولێر کردەوە.