یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی لەلایەن منداڵەکانییەوە بەخشرا به‌(ئیبراهیم حوسێن)

یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی لەلایەن منداڵەکانییەوە بەخشرا به‌(ئیبراهیم حوسێن)

شەمە 2021.11.20، لەرێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکى شارەوانى هەولێر و زاهیر سۆفى و نەسرەت سۆفى، برایانى د.فەرسەت سۆفى و هەرچوار منداڵەکانى د.فەرسەت سۆفى، پارێزگارى کۆچکردووى هەولێر، یەکەم خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی لەلایەن منداڵەکانییەوە، بەخشرا بە (ئیبراهیم حوسێن حموش)، ئەو عەریزە نووسەی بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە نزیکەی 30 هەزار دۆلار دۆزیەوە و گەڕاندییەوە بۆ خاوەنەکەی.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ساڵیادى کۆچی دوایی براى ئازیزمان جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفى، وەکو هەڤاڵان و تیمى پارێزگاى هەولێر ڕایدەگەێنین کە ساڵانە لەو بیرەوەریە خەمناکەدا، خەڵاتى د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی پێشکەش بە یەکێک لە فەرمانبەر و کارمەند و بەڕێوەبەرانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەکرێت، ئەمساڵیش لەتیمى پارێزگا و لەگەڵ هەردوو برایانمان کاک زاهیر و کاک نەسرەت سۆفى و کاکە ئێڤار و منداڵەکانى براى جوانەکەرگمان د.فەرسەت، خەڵاتى یەکێک لەو پیاوە دەستپاکانەى پارێزگاى هەولێرمانکرد کە کە ئەویش مام (ئیبراهیم حوسێن)ە کە یەکێکە لەو عەریزە نووسانەى بەردەم سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر کە بڕەپارەیەکى زۆرى دۆزییەوە و گەڕاندییەوە بۆ خاوەنەکەی".
پارێزگارى هەولێر هەروەها وتى: "ئامانجی ئێمە لە پارێزگاى هەولێر بۆ زیندووکردنەوەى ئەو پیاوە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام سێ بەشى تەمەنى خۆى لە پێناو دووئامانجى گەورە کردە قوربانى کە ئەویش (خزمەتکردنى چاکسازیی و دادپەروەرى و دەسپاکى) بوو، د.فەرسەت پیاوى دەستپاکى و دادپەروەرى بۆ هەمبشە لەزاکیرەى هەموو لایەکمان دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمە لە پارێزگاى هەولێر ساڵانە لەمەراسیمێکدا ئەو بیرەوەرییە یاد دەکەینەوە بەدەستنیشانکردنى کەسێکى دەستپاک و دادپەروەر لەسنوورى پارێزگاکەمان خەڵات دەکەین کە بۆ ئەمساڵیش ئەو شانازییە بە بەر ئەو پیاوە گەورەیە کەوت کە ئەویش مام ئیبراهیمە و یەکەمین خەڵاتى د.فەرسەت سۆفى پێبەخشرا".
جێگەى باسە، ئیبراهیم حوسێن حموش، کە زیاتر لە 33 ساڵە لەنێو سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کاری عەریزە نووسی دەکات، ڕۆژى 2021.10.5 نزیکەی 30 هەزار دۆلاری لە نێو سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دۆزییەوە و گەیاندییە لای سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گەڕاندییەوە بۆ خاوەنەکەی.